نەشتەرگەریی بەرفراوان بۆ بریندارانی تەقینەوەی پەیجەرەکانی حیزبولڵا لە ئێران
وەزیری تەندروستی ڕژێمی تاران ڕایگەیاند کە ١٥٠٠ نەشتەرگەری بۆ بریندارانی تەقینەوەی پەیجەرەکانی گرووپی ئیسلامی حیزبوڵڵا لە نەخۆشخانەکانی ئێران ئەنجام دراوە.
محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی ئێران، ڕایگەیاند کە نزیکەی ٥٠٠ برینداری ڕووداوی تەقینەوەی پەیجەرەکان لە لوبنان و سووریا لە ئێران چارەسەر کراون. ئەو بەرپرسە لە درێژەشدا وتوویە کە ئەم کەسانە زۆربەیان زیان بەر چاو و دەستیان کەوتووە و نزیکەی ١٥٠٠ نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دراوە.
زەفەرقەندی ڕوونی کردەوە کە دیزاینی پەیجەرەکان بە شێوەیەک بووە کە تەقینەوەیان بووەتە هۆی بڕینی یەک یان هەردوو دەستی بەکارهێنەران و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نابینایی تەواو.
تەقینەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبوڵڵا لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٧ و ١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) ڕوویدا. ئەم هێرشە کە هاوکات لە لوبنان و بەشێک لە سووریا ئەنجام درا، هەزاران ئامێری پەیوەندی سەر بە هێزەکانی حیزبوڵڵای کردە ئامانج. هەرچەندە ئاماری وردی قوربانیان ڕانەگەیەنراوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٥٠ کەس کوژرابن و هەزاران کەس بریندار بووبن.
موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە لوبنان، یەکێک بوو لە بریندارانی ئەم ڕووداوە کە بینایی یەک چاوی لەدەست داوە و تووشی زیانی جددی لە دەستەکانی بووە. وردەکارییە بڵاوکراوەکان دەربارەی میکانیزمی تەقینەوەی پەیجەرەکان نیشان دەدات کە بۆ خوێندنەوەی پەیامەکە، بەکارهێنەر ناچار بووە هەردوو دەستی بەکاربهێنێت کە ئەمەش بووەتە هۆی زیانی قورس.
تەقینەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبوڵڵا ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز و درێژخایەنی ئیسرائیل بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چەند ساڵ پێشەوە پلانی بۆ دانرابوو و ئیسرائیل لە ڕێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە ساختەکانەوە توانیبووی ئەم ئامێرە ژەهراوییانە بگەیەنێتە لوبنان.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، بەرپرسیارێتی ئەم ئۆپەراسیۆنەی قبووڵ کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ناڕەزایی هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی سەربازی و سیاسی، فەرمانی جێبەجێکردنی داوە.
ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دژی گرووپی حیزبولڵا لە ساڵانی دواییدا دەناسرێت و زەبرێکی قورسی لە توانای ئۆپەراسیۆنی و پێکهاتەی پەیوەندی ئەم گرووپە داوە.