هەواڵ

ناڕەزایەتیی "کانوونی نووسەرانی ئێران" بەرامبەر بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان

ڕێکخراوی "کانوونی نووسەرانی ئێران" لە ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار و پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و هەروەها سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی ناسراو بە "شارۆچکەی ئەکباتان"دا.

ئەم بەیاننامەیە کە لە ٢٧ی خەزەڵوەر بڵاو کراوەتەوە، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە زیادبوونی سەرکوتکاری و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

لە بەیاننامەکەدا، کانوونی نووسەران جەختی کردووەتەوە کە سزای لەسێدارەدان بە سزایەکی دژە مرۆیی دەزانێت و دەرکردنی ئەم جۆرە حوکمانە بۆ هەموو تۆمەتبارێک بە هەر تۆمەت و بیروڕایەکەوە شەرمەزار دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە ماوەی دادگاییکردنیاندا لە مافی هەبوونی پارێزەری دەستنیشانکراوی خۆیان، دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان و دەرفەتی بەرگریی کاریگەر بێبەش کراون. بە گوتەی ئەم ڕێکخراوە، حوکمی لەسێدارەدانی ئەوان لەسەر بنەمای داواکارییەک دەرچووە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دیاری کراوە.

کانوونی نووسەران هەروەها جەختی لەسەر مافی دادخوازی و ئازادیی دەربڕین بۆ زیانلێکەوتووانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووەتەوە و داوای لە خەڵک کردووە کە دەنگی خۆیان دژی سەرکوت و لەسێدارەدان بەرز بکەنەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی بەرفراوان و بەکارهێنانی ئامرازی وەک جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان، بڕیاری خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی ڕوو لە زیادبوونی ئازادیخوازی و وشیاریی خەڵک نیشان دەدات.

کانوونی نووسەرانی ئێران بە ئاماژەدان بە هەڵسوکەوتی ئەمدواییەی حکوومەت لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکانی سەرکوتەکانی ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەم کردەوانەی بە بەڵگەی ترس و بێدەسەڵاتیی حکومەت لە بزووتنەوەی جەماوەری داناوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە