داوای دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادکردنی نەرگس محەممەدی دەکرێت
هاوپەیمانییەک پێکهاتوو لە ٤٤ ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی تەندروستی نەرگس محەممەدی و داوای گرتنەبەری هەنگاوی خێرایان کردووە.
لەم نامەیەدا هاتووە کە دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەرگس محەممەدیی بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بە ١٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندان سزا داوە. دۆخی تەندروستیی ئەو لە ماوەی زیندانیکردنیدا یەکجار خراپ بووە و لەم دواییانەدا بە هۆی کێشەی دڵ و دۆزینەوەی نیشانەیەکی گومانلێکراوی شێرپەنجە، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
نەرگس محەممەدی زیاتر لە دە ساڵ لە ژیانی خۆی لە زیندان بەسەر بردووە و لە خەزەڵوەری ١٤٠٠ـەوە بە تۆمەتگەلی سیاسیی وەک "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات" لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.
ئەم هاوپەیمانییە جەختی کردۆتەوە کە بەرپرسانی زیندان خۆیان لە پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکیی پێویست بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە نەبان کردووە و تەنیا دوو ڕۆژ دوای نەشتەرگەری گەڕێندراوەتەوە زیندان. ئەم هەڵسوکەوتە بە نموونەیەک لە پشتگوێخستنی سیستەماتیکی پێداویستییە پزیشکییەکانی زیندانیانی بیروڕا و سیاسی لە ئێران دادەنرێت.
هەروەها، ڕێکخراوە واژۆکەرەکان بە ئاماژەدان بە سێیەمین ساڵڕۆژی دەستبەسەرکردنی نەرگس محەممەدی، پێداگرییان لەسەر ئازادکردنی تەواو و بێ مەرجی ئەو کردووە و داوای پێدانی مۆڵەتی چارەسەری پزیشکییان بۆ زیندانیانی سیاسی تر کردووە.
ئەوان داوایان لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە گوشار بخاتە سەر ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە مافەکانی زیندانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست.
لەم نامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئێران دەبێ واز لە تاوانبارکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ بهێنێت و خۆ ببوێرێت لە جێبەجێکردنی حوکمی زیندان بۆ ئەو کەسانەی کە بە هۆی چالاکیی ئاشتیخوازانەوە قۆڵبەست کراون. ئەم هاوپەیمانییە هەروەها داوای دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنە پێشووەکانی ئێرانیان کردووە سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریئ تەندروستی بێبەرامبەر و بێ جیاوازی بۆ زیندانیان.