کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر دۆخی نەخوازراوی کەرکووک داوای کرد بەزووترین کات ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی ھاوڵاتیانی کورد سزای یاسایی بدرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە: "بەرپرسیارێتیی ئەو کوردکوژییەی لە کەروکوک ڕوودەدات بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی پارێزگاری ئەو شارە "ڕاکان جبوری"یە. کەنەکە بەبیریشی هێناوەتەوە کە ڕووداوە نەخوازراوەکانی ئەمدواییە لە کەرکووک دەرھاوێشتەی چارەسەرنەکردنی کێشەکانن لەسەر بنەمای ئەو نەخشە ڕێگە دەستوورییەیە کە خۆی لەمادەی ١٤٠دا دەبینێتەوە.
کەنەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخەی ئێستای شارەکە گرێدراوی پیلانێکی چەندین ساڵەیە و بەدیاریکراوی ئاماژەی بە ڕۆڵی خراپی دەوڵەتی تورکیا لە ئاژاوەنانەوە بینیوە ودەستێوەردانەکانی لە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کردووە.
کەنەکە لە هەمان کاتدا نەبوونی ستراتیژیی ھاوبەشی کوردستانی، ملململانێی حیزبی و بەرژەوەندی تەسکی حزبه باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستانی بە هۆکاری درووستبوونی کەلێن و درزی گەورە لەنێوان لایەنە کوردییەکان و دەستێوەردانەکانی داگیرکەرانی کوردستان زانیوە.
کەنەکە داوای کردووە بە زووترین کات "ھەوڵەکان چڕ بکرێتەوە تا یەکێتی و یەکدەنگی لە ئاستی باڵادا پێکبھێنرێت و مەرامی خراپی داگیرکەران لەبار ببرێت." لە ئاکامی دوانیوڕۆی دوێنێ شاری کەرکووکدا چوار هاوڵاتیی کورد گیانیان لەدەست داوە و ١٥ هاوڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئاڵۆزی و خۆپیساندانەکانی دوێنێ قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری کەرکووک ڕاگەیەندرا و هەموو جۆرە چالاکی و جموجۆڵێک لە ناو شارەکە وەستێنرا. بەیانی ئەمڕۆ کۆتایی بە قەدەغەی هاتووچۆ هێنرا و لە ئیستادا دۆخی کەرکووک ئارامە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی شارەکە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان کۆببنەوە.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، تورکمان و عەرەبە سوننەکانی کەرکووک کە هاوپەیمانی پەدەکەن، بە سیناریۆیەکی داڕێژراو لە بەردەم بینای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو شارە، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ڕێگای سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست. ئەو لایەنانە ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە گوایە لە دژی گەڕانەوەی بارەگاکانی پەدەکەن بۆ کەرکووک.
دوێنێ ئێوارە هاوڵاتیانی کورد دژی داخستنی ڕێگەی کەرکووک- هەولێر دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لە ئەنجامدا ئاڵۆزی درووست بوو. لەو نێوەندەدا شەڕە تەقە کەوتە نێوان هیزە ئەمنییەکانی عێرا و خۆپیشاندەران.
ئاڵۆزییەکانی کەرکووک دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ڕژیمی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا. هاکان فیدان لەو سەردانەیدا لەگەڵ سەرکردەی هەندێ لایەنی تورکمانیی کەرکووک کۆببووەوە.