هەواڵ

خەڵاتی ساڵانەی ڕۆژنامەوانیی ئاپێ مووسا بە نازیلا مەعرووفیان و عەبدولڕەحمان گۆک بەخشرا

ناوی هەر یەک لە نازیلا مەعرووفیان ژنە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە چەند مانگی ڕابروودا چەندین جار ڕاپێچی زیندان کراوە و عەبدولڕەحمان گۆک سەرنووسەری زیندانی‌کراوی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا لەناو براوەکانی ٣٠ەمین خولی خەڵاتەکانی دەزگای "ئاپێ مووسا"دایە.

نازیلا مەعرووفیان لەبەر ئەو وتوێژەی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی ئەنجامی داوە و بەهۆیەوە خراوەتە زیندانەوە بە شیاوی خەڵاتە زانراوە.

عەبدولڕەحمان گۆکیش بەهۆی ئەو زنجیرە ڕاپۆرتە مەیدانییەی لە گەرمەی سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی کردبوو، خەڵاتەکەی پێ بەخشراوە.

براوەکانی ٣٠ەمین خەڵاتی ئاپێ مووسا و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سێپتەمبر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کران.

خەڵاتی ئاپێ مووسا هەموو ساڵێک بۆ یادکردنەوەی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد "مووسا عەنتەر" و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان گیانیان لەدەست دەکەن، دابەش دەکڕێت.

ئەم خەڵاتە کە لەلایەن ڕۆژنامەی "یەنی یاشام"ەوە بەڕێوە دەچێت، لە بەشەکانی "هەواڵی تورکی"، "هەواڵی کوردی"، "وێنە هەواڵ"، "کاریکاتۆر" و "پەیامنێرانی ژن" پێکهاتوووە. بڕیارە خەڵاتەکان ڕۆژی ٢٢ی سێپتەمبر لە مەرسیمێکدا ئەستەمبووڵ دابەش بکرێن.

لە بەشی هەواڵی تورکیدا دەستەی دادوەری، خەڵاتەکەی بەخشیە عەبدولڕەحمان گۆک سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵێ مێزۆپۆتامیا هۆکارەکەشی بۆ ئەو زنجیرە ڕاپۆرتە مەیدانییە گەڕاندەوە کە لە گەرمەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە سەردانیدا بۆ شارەکای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی کردبوون.

ئەو زنجیرە ڕاپۆرتە بە ناونیشانی "لە ڕۆژهەڵات و ئێرانم؛ هیوا بۆ ئێرانێکی نوێ" لە هەشت بەشدا بڵاو کرابووەوە.

لە ڕاگەیەنەدراوی دەستەی دادوەرانی ئەم بەشەدا لەبارەی هۆکاری دەستینشانکردنی عەبدولڕەحمان گۆک هاتووە: "زنجیرە ڕاپۆرتەکانی عەبدولڕەحمان گۆک خەباتێکی ڕۆژنامەوانیی پڕاوپڕ بوو بۆ تێگەیشتن لە سەرهەڵدانەکانی ئێران. رۆیشتن بۆ ئێران لەو کاتەدا ئازایەتیەکی گەورەبوو. عەبدولڕەحمان گۆک لە ژێر مەترسیەکی جددیدا ئەم کارەی ئەنجام دا. ئەو کارە ڕۆژنامەوانییەی کە بە قسەکردن لەگەڵ کەسوکاری بەشێک لە گەنجە گیانبەختکردووەکان ئەنجامیداوە، لەسەر گۆرانکاریەکی زۆر دڵسۆزانە و چیرۆکێکی سەرکەوتوو و چاودێریەکی بەرفراوان ئەو بەرهەمەی بەدەست هێناوە. ئەو هەتا ئێستاش لە زینداندایە و گەورەترین هۆکاری زیندانیبوونیشی کارە ڕۆژنامەوانییەکەیەتی."

لە بەشی خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەراندا سێ ڕاپۆرت بە شیاوی خەڵات زانران.

ڕاپۆرتی "دوای شڕنەخ، سێرت" کە لەلایەن ڕۆژنامەووس مەتین یۆکسۆوە لەسەر لەناوبردنی دارستانەکانی باکوور ئامادە کراوە، یەکێک لەو دوو ڕاپۆرتەیە. ڕاپۆرتەکە باسی ئەوە دەکات کە لە ماوەی شەش مانگدا لانیکەم ٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ڕووبەری دارستانەکانی باکوور لەلایەن هێزەکانی جەندەرمەی تورکیاوە لەناو چووە.

دوو ڕاپۆرتەکەی تر بریتین لە ڕاپۆرتی "لە یاتاگان لەسەر تاوان قۆڵبەست کران، کەچی کۆمپانیاکە بڕیاری دادگا پشتگوێ دەخات"، لە نووسین و ئامادەکردنی "دیلان پامووک" لە ڕۆژنامەی یەشیل و ڕاپۆرتی "خەڵک ژەهراوی بوون" کاری "ئیسماعیل ئاری" لە ڕۆژنامەی بیرگوون."

لە بەشی ڕۆژنامەگەریی ژنان بۆ یادکردنەوەی "غوربەتلی ئەرسۆز"، نازیلا خەڵاتی یەکەم بەخشرایە ژنە ڕۆژنامەنووس نازیلا مەعروفیان کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا چاوپێکەوتنێکی سازکردبوو."

دەستەی داوەری هەواڵی کوردی، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووس "فەرید دەمیرەل"ی بە ناونیشانی "فەرماندەی ڕێکخراوی ئەحرارولشەرقیە دەرچووی زانکۆی ئارتوکۆلۆیە" بە شایستەی خەڵات زانی.

لیژنەی داوەریی بەشی وێنە بە هۆی وێنە هەواڵێک بە ناوی "دەستی دەوڵەت" خەڵاتی یەکەمیان بەخشی بە ئاردیل باتماز. دەستەی داوەری وێنە بڕیاریاندا خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری ببەخشن بە سەدات سونا و ئەفەکان ئاکیوز.

لیژنەی داوەریی کاریکاتۆریش، کاریکاتۆریست "ئەرهان یاشار بابالیک" بە شایستەی خەڵاتی یەکەمی کاریکاتۆر بینی. هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەم بەشەش بەخشرایە موعەمەر کۆتباش.

هەروەها ڕێکخراوی "مەبیا-دەر" (کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی بۆ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان)، بەهۆی ئەو چالاکیانەی سەبارەت بەو کەسانەی لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون، ئەنجامی دەدات، خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە