هەواڵ

کاردانەوەکان لە بەرامبەر هێرشەکان بۆسەر نووسینگەی کەنەکە و فڕۆکەخانەی عەربەت

هەریەک لە بەڕێوبەرایەتیی دژەتیرۆری یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانی جیادا هێرشی ئاسمانی بۆسەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتیان بە توندی شەرمەزار کردووە. لە لێدوانەکەی پارێزگاری سلێمانیدا هەروەها هێرشی چەکداری بۆسەر نووسینگەی کەنەکە لە هەولێریش شەرمەزار کراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان کە هێزێکی سەربازیی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەنەکەیە، ڕایگەیاندووە کە هێرشکەی ئەمڕۆ بۆسەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵیی "عەربەت" لەلایەن "داگیرکەران و ناحەزانی ئارامیی هەرێم" و بە "چاوساخیی نۆکەران و سیخووڕی ناوخۆیی" ئەنجام دراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆردا هاتووە کە لێکۆڵینەوەی ورد "لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە" دەست پێکردووە.

دوانیوەڕۆی دووشەممە ١٨ی سێپتەمبر، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دوو جار کۆگایەکی ناو فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی بۆردوومان کرد.

دژەتیرۆری یەنەکە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەدا سێ ئەندامی ئەو هێزە شەهید و سێ ئەندامی دیکەشیان بریندار بوون. یەکێک لە گیانبەختکردووەکان خەڵکی کەرکووک و دوو کەسەکەی دیکە خەڵکی شاری سلێمانین.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر هەروەها ڕایگەیاندووە: "بۆ هەموولایەکی روون دەکەینەوە کە ئەم تاوانە بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسووسێک هاوکار بووبیت رووبەڕووی سزا و یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەر سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵنەوە و لەداهاتوودا ڕاستتییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەن.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش لە دوو لێدوانی جیاوزدا ئەو هێرشەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان ناو بردووە و شەرمەزاریان کردووە.

لە لێدوانی هەڤاڵ ئەبووبەکر پاەرێزگاری سلێمانیشدا لەگەڵ شەرمەزارکردنی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، هێرش بۆسەر نووسینگەی کەنەکە لە هەولێریشی بە توندی شەرمەزار کردووە.

چەند کاتژمێرێک پێش هێرشە ئاسمانییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆسەر نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە لە هەولێر، دەنیز هێڤی ئەندامی ئەو دامەزراوە کوردستانییە شەهید بوو.

هەڤاڵ ئەبووبەکر ڕایگەیاندووە: " بەتووندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێر و هەموو ئەو سنووربەزاندن و پەلاماردانانەیشی لە رابردوودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگاری سلێمانیدا هاتووە: داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین رێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیی و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدووربگرن و شکۆ و سەروەریی نیشتمانیی وڵات بپارێزن."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە