هەواڵ

موتەلیب ئەحمەدیان زیندانیی سیاسیی کورد تووشبوونی شێرپەنجە بووە و دۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە

موتەلیب ئەحمەدیان زیندانیی سیاسیی کورد، کە بە دەست چەندین نەخۆشیی وەک "فیتقی دیافراگم"، "تەسکبوونەوەی کەناڵی نوخاع" و "هەوکردنی بۆریی میز"ەوە دەناڵێنێت، لە زیندان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و دۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە موتەلیب ئەحمەدیان،بە هۆی بەرکەوتنی تیشکی ڕادیۆئەکتیڤ بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانی پێشووی، تووشی شێرپەنجەی دوانزەگرێیش بووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم زیندانییە سیاسییە تا ئێستایش لە وەرگرتنی چاودێریی پسپۆڕانەی پزیشکی و هەروەها گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەموو ڕۆژێک لانیکەم سێ جار تووشی ڕێفلێکسی خوێن و خوێنڕشانەوە بەهۆی هەبوونی ڕژێنەیەک لە بەشی دوانزەگرێی کۆئەندامی هەرسدا دەبێت و ئەمەیش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کێشی جەستەی. بە جۆرێک کە ئێستا کێشی بۆ کەمتر لە ٣٥ کیلۆ دابەزیوە و لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە.

هاوکاتیش لەبەر هەبوونی شێرپەنجە لە ناو بەشی دوانزەگرێی کۆئەندامی هەرسیدا ناتوانێت بۆ نەخۆشییەکەی دیکەی، واتە هەوکردنی بۆریی میز، ئانتی‌بیوتیک بەکاربهێنێت.

پارێزەرەکەی موتەلیب ئەحمەدیان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناجێگیری پارێزوانەکەی و نەبوونی توانای مانەوە لە زینداندا، داوای ڕاگرتنی حوکمەکەی کردووە، بەڵام داواکاری گشتیی شاری تاران قبووڵکردنی داواکارییەکەی بەستووەتەوە بە بۆچوونی سێ ڕاوێژکاری پزیشکی و کۆمیسیۆنی پزیشکییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعات تەگەرە دەخاتە بەر ئەم داواکارییە و بەشێک لە بەڵگەنامە پزیشکییەکانی ناو دۆسیەی پزیشکیی ئەم زیندانییە سیاسییەیان لابردووە.

بەرپرسانی زیندانی ئێڤین بە موتەلیب ئەحمەدیانیان ڕاگەیاندووە کە لە حەفتەکانی داهاتوودا ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەناردنی بۆ دەرەوەی زیندان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخەکەی لە لایەن ٣ ڕاوێژکار، نەشتەرگەری مێشک و دەمار، ئۆرۆلۆژیست و پسپۆڕی کۆئەندامی هەرسەوە دەگیرێتە بەر و پاشان کۆمیسیۆنی پزیشکی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی داواکاری گشتیی تاران دەکات.

بەرپرسانی زیندان هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پزیشکیی دادیش بڕیاری دەرمانکردنی بدات، سەرجەم تێچووەکانی نەشتەرگەری و دەرمان لە ئەستۆی خودی ئەم زیندانییە سیاسییەدا دەبێت و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری یەکسەر دەگەڕێنرێتەوە بۆ زیندان تاکوو قۆناغی چاکبوونەوە لە زینداندا بباتە سەر. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە قۆناغی چاکبوونەوەی زیاتر لە ٦ مانگ دەخایەنێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانە بەرکورتە پزیشکییەکان و زۆربوونی ڕێژەی بەندکراوان، مانەوەی لە زینداندا مەترسیدارە.

موتەلیب ئەحمەدیان کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە تووشی نەخۆشیی ئارکیتیس (هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ) بووە، لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا نەشتەرگەریی بۆ کرا و ڕۆژێک دواتر بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار.

موتەلیب ئەحمەدیان لە بەفرانباری ١٣٩٨ (ژانویەی ٢٠٢٠) و لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشبوونی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە.

ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی گەڕاندبووەوە بۆ دابین‌نەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».

موتەلیب ئەحمەدیان، هاوڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵان خەڵکی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژوورە تاکەکەسییەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا، بە تۆمەتی "موحارەبە" لە ڕێگەی ئەندامێتیی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سزای ٣٠ ساڵ زیندان ودوورخستنەوە بۆ زیندانی میناب لە باشووڕی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی دەربازکردنی نایاسایی سنوور، سزای دارایی و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداری کردن لە کوشتن"دا سزای ٩ ساڵ زیندان و پێدانی نیوەی دیەیەکی تەواو لەگەڵ ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی بەسەردا سەپاوە.

موتەلیب ئەحمەدیان لە کاتی دەستبەسەربوونییەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە