هەواڵ

پێنتاگۆن: ٥٨ جار هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج

سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لە دەستپێکی شەڕی غەزەوە تا ئێستا هێزەکانی وڵاتەکەی لە عیراق و سووریا لانیکەم ٥٨ جار لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێڕانەوە کراونەتە ئامانج.

ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند کە تەنیا لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئەمریکا لانیکەم ٧ جار بووەتە ئامانجی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێڕان.

لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا، سوپای ئەمریکا تائێستا لانیکەم سێ جار بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا کردووەتە ئامانج.

بە گوتەی هەواڵدەرییەکان، لە دووایین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا لە دەیرەزوور کە ڕۆژی ٨ی نۆڤەمبر ئەنجا‌م‌درا لانیکەم ٩ کەس کوژراون.

نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ئەمریکایی لە چەندین بارەگادا لە ڕۆژئاڤای کوردستان و هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگیرن و وەک پێنتاگۆن دەڵێت بۆ ئەوە ئەرکدار کراون تا بە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک، قەسەدە، ڕێگری لە سەر هەڵدانەوەی گرووپی چەتەکانی داعش بکەن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە