بەگوتەی ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان، بەیانیی ڕۆژی هەینی ١٧ی نوامبر، جارێکی دیکە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر فرۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر.
ئەم فرۆکەخانەیە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو هێرشە کە بە "درۆنی خۆکوژ" ئەنجامدراوە، هیچ یەک لە هێزەکانی ئەمریکای نەپێکاوە و تەنیا بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
گرووپی شیعەی "موقاوەمەتی ئیسلامیی عێراق" کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تەیار دەکرێت، لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیدا، بەرپرسیارەتیی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ.
بەر لەو هێرشە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە دەستپێکی شەڕی غەزەوە هێزەکانیان لە سووریا و عێراق ٥٨ جار بە ئامانج گیراون.
پێشتر جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی "خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام هەر کارێک بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان ئامریکا پێویست بێت، دوو دڵی لێناکەن".