هەواڵ

دوو ڕۆژنامەوانی دیکە لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان کوژران

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی ٢١ی نۆڤەمبر (٣٠ خەزەڵوەر) دووابەدووای ئەوەی میلیشیاکانی سەر بە حیزبولڵای لوبنان به تۆپ و هاوەن هێرشیان کردە سەر چەند خاڵێکی سەربازیی ئیسرائیل، ئەو وڵاتەش لە ڕێگەی فرۆکەوە هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان و بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەوان کوژران.

هەر دوو ڕۆژنامەنووسەکە لە تەلەفزیۆنی "ئەلمەیادین" کاریان کردووە کە نزیکە لە حیزبولڵا و کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە دوای هێرشە چەکدارییەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکۆتبەری پێشوو و دواتر هەڵگیرسانی شەڕی غەزەوە تا ئێستا لانیکەم ٥٠ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکان لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل تەشەنەی سەندووە. سوپای ئیسرائیل بە توندی وڵامی هەر چەشنە هێرشێکی حیزبولڵا دەداتەوە.

بە گوتەی چاودێران لەسەرەتای شەڕی غەزەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٥ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە ئیسلامگەرایە لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئێرانەوە بە چەک تەیار و لە ڕووی ئابوورییەوە پاڵپشتی دەکرێت.

سەرکردەکانی ئەو گروپە ئەوە ڕەت ناکەنەوە، بەڵام دەشڵێن کە تاران هەوساریان ناکات و ئەوان بڕیاربەدەستی خۆیانن.

بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی ترسیان هەیە کە لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕی غەزەدا، شەڕەکە پەلکێشی لوبنانیش بێت و داوێنی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.

ئیسرائیل دەڵێت لە ئێستادا بە نیازی شەڕ لەگەڵ حیزبولڵا نییە، بەڵام بە توندی وڵامی هەر هێرشێکی ئەو گرووپە دەداتەوە.

کەسانی نزیک لە حیزبولڵاش دەڵێن ئەو گروپە بە نیازی شەڕێ سەرتانسەری لەگەڵ ئیسرائیڵ نییە، بەڵام یەک لەسەر سێی سوپای ئەو وڵاتەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بەو شێوەیە دەیهەوێت یارمەتیی گروپی حەماس بدات کە لە کەرتی غەزە لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕدایە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە