هەواڵ

ڕەشنووسی هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمە خۆسەرەکان ئامادە کرا

ماوەی دوو ساڵە کۆمیتەیەک، پێکهاتوو لە سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانی هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرقاڵێ ئامادەکردنی پەیماننامەیەک بە ناوی "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی"ی هەرێمە خۆسەرەکانن.

کۆمیتەکە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوە لە گەڵ پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمەکە بۆ تاووتوێکردن و دیاریکردنی ناوەڕۆکی پەیماننامەکە ئەنجام داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی هاوار، کۆمیتەکە ئەمڕۆ پینجشەممە ٧ی دیسەمبەر، ١٦ی سەرماوەز دوایین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد و هاوپەیمانێتیی کۆمەڵایەتی کە لە ٩٩ بڕگەی یاسایی پێکدێت، بۆ دوایین جار گفتوگۆی لە سەر کرا.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە زۆرینەی دەنگ ڕەشنووسی پەیماننامەکەیان پەسەند کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ١٥٨ ئەندامی کۆمیتەکە، لە ناویاندا سیاسەتوانان، یاساناسان، ڕۆشنبیران، ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەروەها نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئەرمەن، کورد، عەرەب، تورکمان، سوریان، ئاسووری و چەرکەز، ئامادە بوون.

عیماد ئەلکەراف یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لەوبارەیەوە گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا کە ٤ ڕۆژ بەردەوام بوو، بۆچوون و پێشنیارەکانی گەلمان تاووتوێ کردن، کە بنەمای هاوپەیانیی کۆمەڵایەتییە. لە کۆتاییدا ڕەشنووسی هاوپەیمانێتیەکە بە دوایین شکڵی خۆیەوە پێشکەش کرا، بۆ ئەرێکردن.

هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە سەر بنەمای پاڕادیمی "نەتەوەی دێمراتیک"ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان و ژیانی دڵخوازانەی هاوبەشی گەلان لە سەر بنەمای فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی گەلان و باوەڕەکان، ئامادە کراوە.

ئامادەکارانی ئەو پەیماننامەیە دەڵێن "هاوپەیمانییەکە بە کردار ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیریی مسۆگەر کردووە و ئەمڕۆ بۆتە مۆدێلکی چارەسەریی دێموکراتیک، نەک تەنیا بۆ کوردستان و سووریا، بەڵکوو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە