هەژدەهەمین کۆنفرانسی "یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و کورد" بەڕێوەچوو

هەژدەهەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی "یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و کورد" لە شوێنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسێل پایتەختی بەلژیکا بەڕێوە چوو.
ئەو کۆنفرانسه لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی دێسەمبەر (١٥ و ١٦ی سەرماوەز) به دەستپێشخەری "کۆمیسیۆنی ئەوروپایی شارۆمەندانی تورکیا" و "ئەنیستیتۆی کورد لە برۆکسێل" بەڕێوەچوو.
هەر یەکە لە فراکسیۆنەکانی چەپ، سەوز و سۆشیالیست و دێمۆکراتەکانی یەکێتی ئەوروپا، کە بەیەکەوە زیاتر لە سی و پێنج لەسەدەی پەرلەمانەکەیان پێیە، پاڵپشتی و بەشداریان لە کۆنفرانسەکە کردبوو.
جگە لە کەسایەتی کوردەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی یەکێتی ئەورپا، سیاسەتمەداران، کەسایەتی ئاکادیمی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەڤانان و پارێزەرانی نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون و وتار و دیدی خۆیان بە نیسبەتی مەسەلەی کورد و چارەسەریکردنی خستەڕوو.
هەر یەکە لە شیرین عەبادی براوەی ئێرانی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی و نوام چامسکی بیرمەندی ناوداری ئەمریکی پشتیوانیان لە کۆنفرانسەکە کردبوو.
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە وتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر گرینگی ئازادی ڕێبەر عەبدولڵا ئۆجالان و کۆتایی ئەو کۆشەگیری دژوارەی چارەکە سەدەیەکە بەسەریدا سەپێندراوە.
لە دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، چەند پانێلێک بەڕێوەدەچن لە بارەی: تورکیا لە دوای هەڵبژاردن، ئەردۆغان چۆن سەرکەوت؟، ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا لە دوو ڕیاندا، سەد ساڵ لە دوای لۆزان، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، پرسی ژن و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەڕێوەچوون.