
تۆڕی مافی مرۆڤی کورستان ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەز، ٨ی دیسەمبەر، کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران لە زیندانی ئورمییە، ٣ کەسیان بە ناوەکانی عەلی شاهیننەژاد، سەوڵات توسان و جانعەلی نەدیمی، لەسێدارە داوە.
بەو پێیە ئەو ٣ کەسە چەندین ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی بارزگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ٥ کەسی تر لە زیندانەکانی سنە، سەقز و کەرەج لەسێدارە دران.
لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ساڵی ڕابردووەوە، ئاماری لەسێدارەدانەکان، لە ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە کوردستان، بەلووچستان و ئەهواز، لە چاو ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای هەنووکەیی ئێران زۆر زیاترە. باس لەوە دەکرێت کە ڕژیم تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە ماددەی هۆشبەر لە دژی ئەندامانی نەتەوە جیاوازەکان و بۆ لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیش بەکاردێنێت.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ساڵەوە تائێستا، لانی کەم ٦٠٠ کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە ٨ کەس لە بەشدارانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و منداڵێک لەنایاندایە.
بە تایبەت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی لەسێدارەدانەکان زیاتر بەرز بووەتەوە.
هەندێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن ڕژیم لە ژێر سێبەری شەڕی غەزە و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی جیهانی، هەوڵ دەدات زیاتر لە جاران مرۆڤەکان لە سێدارە بدات.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها یەکێتیی ئەوروپاش هۆشداریی دەدەن، کە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، ئیتر گەیشتۆتە ئاستێکی سامناک.
بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن، بۆ کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدان لە ئێران، زیاتر لە مەحکوومکردنی زارەکی، پێویستە هەنگاوی کرداری و یەکدەنگ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بگیرێتە بەر.