هەواڵ

ڕۆیتەرز: سپای پاسداران فەرماندە و ئەفسەرە پلەباڵاکانی خۆی لە سووریا کێشایەوە

ئاژانسی هەواڵنێریی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، کە دوای کوژرانی ژمارەیەک کاربەدەستی باڵای سەربازیی ڕژیمی ئێران لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە سووریا، سپای پاسداران، فەرماندە هەرە باڵاکانی خۆی لەو وڵاتە کێشاتەوە و لەمەودوا بۆ پاراستنی پێگەی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە پشت بە گرووپە چەکدارەکانی داردەستی دەبەستێت.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی پارەوە، زیاتر لە ٥ بەرپرسی پلەبەرزی سەر بە دەزگای هەواڵگریی سپای پاسداران، ناسراو بە ئیتلاعاتی سپا، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

سەرچاوەکە بە ئاماژەدان بە خواستی هێڵی توندڕەی ڕژیم بۆ تۆڵەسەندنەوە، ڕادەگەیەنێت کە بڕیاری کشانەوەی ئەفسەرانی پلەباڵای سەربازی و هەواڵگری لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، بەشێکی پەیوەندیدارە بە خۆبواردن لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە ململانێی سەربازی، کە تا دێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر تەشەنە دەستێنێت.

ڕۆیتەرز لە زمانی سەرچاوەیەکی سەر بە ڕژیمی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە کە ئێران نیازی کشانەوە لە سووریای نییە و کشانەوەی ئەفسەرانی سپای پاسداران، پەیوەندیدارە بە شەڕی غەزەوە. هەروەها ئاشکرای کردووە کە تا ئێستا فەرماندە هەرە باڵاکان و دەیان فەرماندە و کاربەستی سەربازی و هەواڵگری سووریایان بەجێ هێشتووە.

چەند سەرچاوەیەکی تری نزیک لە ڕژیم بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە کە لەمەودا سپای پاسداران بە هاوکاریی حیزبولڵای لوبنان، لە دەرەوەی سوووریاوە سەرپەرشتیی جموجۆڵە سەربازیەکانی میلیشیا چەکدارەکانی داردەستی لەو وڵاتە دەکات.

هەروەها یەکێک لەو سەرچاوانەی لەگەڵ ڕۆیتەرز قسەی کردووە، دانی بەوەدا ناوە کە ئەو ئەندامانەی سپای پاسداران کە تا ئێستا لە سووریا ماونەتەوە، خۆیان شاردۆتەوە. ئەو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزی گوتووە: ئێران سووریا بەجێ ناهێڵێت، بەڵام ئامادەیی و جمووجۆڵی سەربازیی خۆی، بۆ کەمترین ئاست کەم کردۆتەوە.

کشانەوەی ئەفسەرانی پلەبەرزی سپای پاسداران لە سووریا، دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا باسی پلانی واشینگتۆن بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمریکایی کرد. بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە بایدن کردووە لە تۆڵەی کوژرانی ئەو سێ سەربازە گورز لە ئێران بدات.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە