هەواڵ

ئەگەری بلۆککردنی گەرووی هورمز؛ چین نەوتی ڕوسیا دەکاتە جێگرەوەی نەوتی ئێران؟

کۆمپانیای ڕاوێژکاریی وزەی ڤۆرتێکسە هۆشداریی داوە کە هەر جۆرە دەستکارییەکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەرووی هورمز دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ئابووریی بەربڵاو و گرژی لە پەیوەندییەکانی ئێران و چین.

کۆمپانیاکە بە ئاماژەدان بەوەی کە یەک لەسەر سێی (سێ‌یەکی) نەوتی هاوردەی چین بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت، ڕایگەیاند کە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕا ٤.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردەی چین کراوە.

ئەم ئامارە یەکسانە بە ٤٣ لەسەدی کۆی هاوردەی نەوتی چین لە ڕێگەی دەریاوە و نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی هاوردەکردنی نەوتی وڵاتەکە.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیادی کردووە.

دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی لەلایەن ئەم وڵاتەوە، گومانەکان لەسەر ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئێران بۆ چەت خستنە ناو بازاڕی جیهانیی نەوت، دەست بەرێت بۆ ئاڵۆزی‌نانەوە لە گەرووی هورمز، زیاتر بووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی چالاکیی بارکردنی نەوت لە تێرمیناڵی نەوتی خارک و کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەکەن.

بەڵام ڤۆرتێکسە پێی‌وایە بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆری ئێران بە چین بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کەمە.

چین کڕیاری ٩٥ لەسەدی هەناردەی نەوتی ئێرانە و هەر پەککەوتنێکی هەناردەی نەوت بۆ ئەم وڵاتە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی بەرچاوی ئابووری و گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. لە ئەگەری پچڕانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئەگەری ئەوە هەیە کە نەوتی ئێران لە بازاڕی چیندا بە نەوتی ڕووسیا بگۆڕدرێت.

هاوکات سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا و کەشتییە بەشداربووەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران، تەحەدای زیاتری بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران دروست کردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە