هەواڵ

ئوسترالیا ناوچەی پارێزراوی دەریایی خۆی لە ئەنتارکتیکا چوار هێندە زیاد کرد

لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی دەریایی و شکست دەهێنن تێیدا، ئوسترالیا هەنگاوێکی گەورەی ناوە. ئەم وڵاتە لەم دواییانەدا ناوچەی پارێزراوی دەریایی خۆی لە ئەنتارکتیکا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر کردووە و بە گوتەی حکومەت، ئێستا زیاتر لە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان، ئۆقیانوسەکان دەپارێزێت.

تانینا پلیبەرسێک، وەزیری ژینگەی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە ناوچەی پارێزراوی دەریایی دوورگەکانی هێرد و ماکدۆناڵد لە باشووری زەریای هیندستان چوار هێندە زیادی کردووە. ئەم زیادبوونە یەکسانە بە نزیکەی ٣١٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، کە ڕووبەرێکەی لە ئیتاڵیا گەورەترە.

لە بەیاننامەیەکی حکوومەتدا ڕاگەیەندراوە کە ئەم کارە گەورەترین بەشدارییە لە پاراستنی دەریاکان، لە سەرانسەری جیهاندا.

پلیبەرسێک جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە سەهۆڵبەندان، تاڵاوەکان، تاکە گڕکانی چالاک لە ئوسترالیا و ژمارەیەکی بەرچاو پەنگوین و گانێت و ئەلباترۆس لەخۆدەگرێت.

ناوبراو لەم بووارەوە گوتی: "شانازی دەکەم کە ئێستا سنووری ئوسترالیا لە ڕووی ڕووبەری زەریای پارێزراوەوە لە هەموو وڵاتێکی دیکەی جیهان زیاترە. ئەمە تەنها دەستکەوتێکی گەورەی ژینگەیی نییە بۆ ئوسترالیا، بەڵکو بۆ جیهانیش بە گشتی".

پلیبەرسێک زیادی کرد: "زۆر شوێنی کەم هەیە لەسەر زەوی کە بتوانرێت بە 'بیابانی ڕاستەقینە' وەسف بکرێت. دوورگەکانی هێرد و ماکدۆناڵد یەکێکن لەو شوێنانە. سروشت لەوێ گەشە دەکات بەبێ ئەوەی ئێمە دەستوەردان بکەین. ئەم ناوچەیە تا ئێستا تەنیا دەستێوەردانی مرۆڤی زۆر کەمی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دوورگانە کە خاکێکی دەرەوەی ئوسترالیایە، نزیکەی ٤ هەزار کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای ویشکانی ئوسترالیا هەڵکەوتوون".

بەمشێوەیە لە ئێستادا ٥٢ لەسەدی ڕووبەری دەریا پارێزراوەکانی ئوسترالیا زیادیان کردووە. ئەم ڕێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ئامانجە ٣٠ لەسەدی زیاترە کە ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ خۆی دانابوو وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەی پاراستنی سروشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

پلیبێرسک ئەو ناوچەیەی بە "بەشێکی ناوازە و نائاسایی لە هەسارەکەمان" وەسف کردووە و دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی".

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە