هەواڵ

ڕژیمی ئێران هەژماری بانکیی ژمارەیەک لە دووکاندارانی سنەی بلۆک کردووە

بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ،ڕژیمی وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر مانگرنی گشتیی دووکانداران و کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ئەو چوار گەنجە کوردەی لەسێدارە دران، هەژماری بانکیی ژمارەیەک لە دوکانداران و بازرگانانی سنەی بلۆک کردووە.

ئاژانسی ژنها، ئەمڕۆ هەینی ١٣ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ئەو هەنگاوەی ڕژیمی ئێرانی بۆ ترسی ئەم ڕژیمە لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاندۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم هەنگاوەی ڕژیم دوای مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژی سێشەمەمەی ڕابردووی شارەکانی ڕۆژهەڵات دێت کە لە دژی لەسێدارەدانی ٤ چالاکی سیاسیی کورد، ئەنجام درا.

یەکێک لەو دووکاندارانەی سنە کە هەژماری بانکییەکەی ئاستەنگ کراوە بە ئاژانسی ژن‌های گوتووە: ڕۆژی چوارشەممە زانیم کە هەژماری بانکیم بلۆک کراوە. سەرەتا تێنەگەیشتم بۆچی هەژمارەکەم کێشەی هەیە. بەڵام کاتێک بەدواداچوونم کرد، بۆم دەرکەوت کە بەهۆی پشتگیریکردن لە مانگرتنی گشتییەوە بووە و هەژماری دوکانداران و بازرگانانی دیکەش بلۆک کراوە.

ئەو دووکاندارە دەستنیشانی کردووە کە ئەم گوشارەش هەر بە یەکڕیزیی دووکانداران و گەل چارەسەر دەکرێت و گوتوویەتی: ئەمە له کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووشدا، به سەر گەلێک له دووکانداران و بازارگاناندا هات. بەڵام دیسان هەر مانیان گرت. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە دووکاندارانی کورد، وەک بەشێک لە خەڵک، لەو بارودۆخەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراوە ڕازی نین. هۆکارێکی تر ئەوەیە کە ئەگەر دووکاندارێک پشتگیری لە مانگرتنەکان نەکات، ئەوا لەلایەن خەڵکەوە وەک خیانەتکار یان سیخوڕ دەناسرێت و کڕیارەکانی لەدەست دەدات. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین، بایکۆتکردنی خەڵک زۆر کاریگەرترە لە هەڕەشەکانی حکومەت."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە