هەواڵ

بڕینەوەی پەنجەکانی کەسێک بە تاوانی دزینی مەڕ لە سپای پاسداران

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆڕتێکدا ئاشکرای کردووە کە لە ڕۆژی ٢٦ی پوشپەڕی ئەمساڵدا سزای بڕینەوەی پەنجەکانی زیندانییەک بە تاوانی "دزینی پێنج سەر مەڕ" لەلایەن رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە زیندانی ناوەندیی شاری قوم جێبەجێ‌کراوە.

لەو راپۆڕتەدا کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٨ی فێورییە (١٩ی بەفرانبار) بڵاوبووەتەوە، ئەو کەسە وەک "یوسف ت" و ٣٥ ساڵان ناسێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بووارەوە بە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی گوتووە: «ئەو زیندانییە بە تۆمەتی دزینی ٥ سەر مەڕ، لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداریی سەر بە سپای پاسداران گیرابوو. یوسف بەننا بوو و بڕیاروابوو لەو ئاژەڵدارییە ژوورێک دروست بکات».

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتوویەتی کە "یوسف تەواوی ئەو ١٣ مانگەی‌دا کە لە زیندان‌بوو، پێداگربوو لەسەر ئەوەی کە بێ تاوانە و ڕەدی دەکردەوە کە دزی کردبێت".

لەو ڕاپۆڕتەدا ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەشڵیت کە لە مانگی خەرمانانیش سزای بڕینەوەی پەنجەکانی کەسێکی دیکە لەلایەن دەستەڵاتی دادی ڕژیمی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.

ساڵیانە کە چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە جێبەجێ‌کردنی ئەو سزا نامرۆڤانه لە ئێران هۆشداری دەدەن. تەنیا چەند وڵاتێک لە جیهاندا ئەو سزایە جێبەجێ دەکەن کە ئێرانیش یەکێک لەوانە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران یەکێک لە واژۆکەرانی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە سڤیل و سیاسییەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند کراوە. بەڵام ئێران پێی پابەند نییە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە