هەواڵ

پلاسخارت: دەبێ ئێران و تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێم و عێراق ڕابگرن

جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەش کرد. بەشێک لەو ڕاپۆرتە بە هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو.

بە گوێرەی هەواڵی چاپەمەنییەکانی جیهان، پلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و غەزە، بەهۆی تەشەنەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکان تا دێت مەترسیدارتر دەبێت. پلاسخارت گوتی: بەهۆی گرنگی‌نەدانی حکوومەتی عێراق بە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێ ناوخۆییەکان، هەروەها بەردەوامیی هێرشەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بەدەر لە ئیرادەی خەڵکی عێراق، خەریکە هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ١٨ مانگی ڕابردوودا لەو وڵآتە بەدەست هێنراون، لەناو دەچن.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە دیاریکراوی باسی لە گرووپە چەکدارە شێعەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران کرد و گوتی: هۆکاری ئۆپەراسیۆنی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سنووری سیاسەت و دەوڵەت تێدەپەڕێنێت.

جینین هێنیس پلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەیدا، باسی لە هێرشی مووشەکیی چەند هەفتەی ڕابردووی ڕژیمی ئێران کرد بۆ سەر شاری هەولێر کە بە هۆیەوە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناویاندا منداڵێک گیانیان لەدەست دا. هەروەها ئاماژەی بە هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕژیمی تورکیا لە سەر خاکی هەرێم کرد و گوتی: تەنها بە هۆی ئەوەی کە ئەو هێرشانە ڕۆژانەن و ئاسایی بوون، بەو واتایە نایەت کە مەترسیی جیددی لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژیدا دروست ناکەن. دەبێ کۆتایی بە هەموو هێرشەکان بێت.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوای لە ئێران و تورکیا کرد کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بهێنن. "ڕەوشەکە هێشتا هەستیارە. عێراق و هەرێمەکە بە گشتی هێشتا لە ژێر چەقوودان و بچووکترین بڕیاری هەڵە هەڕەشەی هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە لە هەرێمەکە دەکات." پلاسخارت وای گوت.

جینین هێنیس پلاسخارت بارودۆخی سیاسیی عێراقیشی هەڵسەنگاند. هەروەها تیشکی خستەسەر کارنامەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و گوتی: "بە داخەوە بۆ جاری دووەم ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیار بوو لە ٢٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت دواخرا. ئێستاش چاوەڕێی بەروارێکی نوێ دەکەین. ئەم دواخستنەی هەڵبژاردنەکان، نابێتە هاوکاری مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە