هەواڵ

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٢٣ فەلەستینیی دیکە لە غەزە کوژراون

هاوکات لە گەڵ بەردەوامیی شەڕ و هێرشی دژوار و بێ پسانەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، ڕۆژەڤی سەرەکیی ئەمڕۆی ڕاگەیاندنەکانی جیهان لەو بارەوە، بابەتی دانووستاندنەکانی ئیسرائیل و حەماس لە بارەی ئاگربەستی نوێ و ئاڵوگۆڕکردنی باقیی دیلەکان لە نێوان هەردوو لادا بوو.

بە گوێرەی هەواڵی چاپەمەنیی جیهان ئەمڕۆ لە ١٢٥ەمین ڕۆژیدا، شەڕ بە تایببەت لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەزە دژوار بوو. سوپای ئیسرائیل لە چوار لاوە شاری خان یونسی گەمارۆ داوە و ڕۆژانە دەیکاتە ئامانج. هاوکات لە بۆردومانی ئەمڕۆی شاری ڕەفەحدا لەسەر سنووری میسر، لانیکەم ١٢ فەلەستینی کوژران.

بەو پێیە لە هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی سوپای ئیسرائیلدا، لانیکەم ١٢٣ فەلەستینی کوژراون. بەمشێوە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا، لانیکەم ٢٧ هەزار و ٧٠٠ فەلەستینی کوژراون کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.

ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە هەنووکە لە دانیشتوانی کەرتی غەزە کە ژمارەیان ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە، نیوەیان لە شاری ڕەفەح لە سەر سنووری میسر گیریان خواردووە. ڕاگەیاندنە عەرەبیەکانیش ئەمڕۆ دیمەنی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەمپی پەنابەران لە دەوروبەری ئەم شارە بڵاو کردەوە.

لەلایەکی ترەوە ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە لانیکەم ٣٠ کەسی تر لە دیلە ئیسرائیلیەکان لە کەرتی غەزە گیانیان لەدەست داوە، بەبێ ڕاگەیاندنی چۆنیەتیی گیان لەدەستدانیان.

هاوتەریبی بەردەوامیی شەڕ و کوشتار لە کەرتی غەزە، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئانتۆنی بلینکن وەزیری کاری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە ئامانجی ئاگربەستی نوێی درێژمەودا و گۆڕینەوەی باقیی دیلەکان، بەردەوامە لە دیدارەکانی لە گەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیل و فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی. بەڵام تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

هەر ئەمڕۆ نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە تەنها لە باکووری کەرتی غەزە، هەنووکە ٣٠٠ هەزار پەنابەر لە برسێتیی دژواردا ڕۆژ دەکەنەوە. هەروەها سەرجەم دانیشتوانی کەرتی غەزە کە ژمارەیان زیاتر لە ٢ملیۆنە، لە ژێر مەترسیی برسێتیدان.

سەرەڕای هەموو ئەمانە ماوەی چەند هەفتەیە سەدان ئیسرائیلی بۆ ڕێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەزە لە سەر دەروازە سنوورییەکانی نێوان غەزە، ئیسرائیل و میسر کۆبوونەتەوە. ئەوان داوا دەکەن ئازادکردنی دیلەکان بکرێتە مەرجی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەزە. سوپای ئیسرائیلیش بەشێک لەو خاڵە سنووریانەی وەکو ناوچەی سەربازی ڕاگەیاندووە و ئەمە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بە هەرێمی شەڕ تا ڕادەیەکی زۆر ئاستەنگ کردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە