هەواڵ

سەپاندنی سزای زیندان بەسەر مامی ژینا ئەمینیدا لە چاپەمەنیی جیهانیدا دەنگی دایەوە

سەپاندنی سزای ٥ ساڵ و مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندان بە سەر "سەفا عایلی" مامی شەهید ژینا ئەمیدا بوو بە ڕۆژەڤی بەشێک لە چاپەمەنییەکانی جیهان.

سایتی هەواڵنێریی بی.ئێن.ئێن ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ڕێبدان (١٢ی فێبریە) هەواڵەکەی کردە ڕۆژەڤی خۆی و ڕایگەیاند: "زیندانیکردنی عایلی، بە بیانووی ئەوەی کە بۆچوونی خۆی لە بارەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەربڕیوە، ناڕەزایەتیی لە سەر ئاستی ئێران و ناودەوڵەتیدا بەدوای خۆیدا هێناوە. سەرەڕای سزای دژوار، عایلی بە پێداگری و ئیرادەوە لە زینداندا، بەردەوامە لە تێکۆشان لە پێناو دادپەروەری بۆ ژینا و ژنانی سەرانسەری ئێران."

سەرچاوەکە بە ئاماژەدان بە تۆمەتگەلێکی وەک پڕوپاگەندە و دژایەتیی ڕژیم کە ئاراستەی مامی ژینا ئەمینی کراون، دەنووسێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەفا عایلی و کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکان لە ئێران دەکات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕادەگەیەنێت کە وێڕای سزای دژوار، سەفا عاتلی بە ئیرادەوە لە سەر پێیە و لە زمانی ئەوەوە لە بارەی سزای داسەپێندراو دەنووسێت: "من بەردەوام دەبم لە تێکۆشان لە پێناو دادپەروەری بۆ خوشکەزاکەم و سەرجەم ژنانی ئێران کە لە ژێر دەستی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرەدا ئازاریان چەشتووە."

ماڵپەڕەکە دەستنیشانی کرد کە ئەگەر سزای سەفا عایلی لەلایەن دادگای باڵاوە ئەرێ بکرێت، دەشێ بە ساڵان لە زینداندا بێت. هاوکات تەئکیدیشی کردۆتەوە کە "لە دژوارترین ڕەوشدا، عایلی و خەڵک لە ئێران بە گشتی، لە پێناو مافەکانیان بەردەوام لە تێکۆشاندان، تێکۆشانێک کە دەنگدانەوە و سەمبولی هاواری تێکۆشانی ژن، ژیان، ئازادییە."

هەروەها ڕۆژنامەی جۆروسەلام پۆست هەواڵەکەی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرکوتی چالاکانی سیاسی و بەشدارانی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئێران دژوارتر بووە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەترسیی لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی کورد و بەشدارانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران هێشتا بەردەوامە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە