هەواڵ

هێزەکانی ڕژیم لە ئاودانان هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی نەوجەوان

هێزە ئەمنییەتییەکان رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام، بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.

بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ فێوریە (١ی ڕەشەمە) هێزەکانی پۆلیس و ئیتلاعاتی ڕژیم بە چەند ماشینەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و کاتێ زانییان لە ماڵ نییە هەوڵی دەسبەسەرکردنی براکەیان داوە.

پێشتریش لە گەرمەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا هێزەکانی ئێران بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، برای تەمەن ١٥ ساڵی ناوبراویان بە ناوی ئەمیرڕەزا بە بارمتە گرتبوو و ٤٨ ڕۆژ دەسبەسەر و ئەشکەنجەیان کرد، هەتا سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە خۆی ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکات.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵدێریی کوردپا، ئێستا بنەماڵەکەی نیگەرانی دووپاتبوونەوەی سێناریۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ بەبارمتەگرتنی دووبارەی ئەمیرڕەزا بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەن.

سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، لاوی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵكی ئاودانان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام، جێگر لەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد غوڵامی"، سەرجەم بە ٢٤ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پیشوو سزا درا.

بەپێی سزای دەرکراو دژی ئەم لاوە کوردە، ناوبراو بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕیزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە و لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرا. بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا سەبارەت بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.

دادگا هەروەها بە هۆی نەبوونی پێشینەی سزای کەیفەری، بڕیاری هەڵپەساردنی ١٣ مانگ لە ١٦ مانگ بەندکرانی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەر کردووە و ماوەی سێ مانگ بەندکرانی تەعزیریی دیکەشی بۆ پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕی.

ئەم سزایە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەم لاوە کوردە ڕاگەیەندرا و گەلاوێژی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام لە ئاودانان بەڕێوە چوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە