هەواڵ

بە ناردنی فیشەکێک هەڕەشە لە کۆمەڵەیەکی کوردی لە ئەڵمانیا کرا

بە نامەیەک کە بۆ کۆمەڵەی کوردی لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا (ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد) نێردراوە،هەڕەشە لەو کۆمەڵە کوردییە کراوە. لە ناو نامەکەدا فیشەک هەبووە کە هێمای "ئێس.ئێس" و "خاچی چەماوە"، هێماکانی گرووپە نیۆنازییەکانی ئەڵمانیا، لەسەری نەخشێندراوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فوڕات، نامەکە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی فێبرییە (٢ی ڕەشەمێ)، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، خراوەتە ناو سندووقی پۆستەی ئەو ناوەندەوە.

نوێنەرانی کۆمەڵەکە لە ٢٢ی فێبرییە، بەرامبەر ئەم نامەی هەڕەشەیە، سکاڵایان بەرزکردەوە.

ناردنی ئەو نامەیە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەکە، بەردەوام لە ژێر چاودێریی پۆلیسدان.

ڕۆژی ١٣ی ژانوییەش پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیکوتابووە سەر ئەو ناوەندە. سەرەڕای ئەوەش ناوەندەکە بەو شێوەیەیە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە.

پێشتریش لە ڕووداوێکی هاوشێوەی دیکەدا ڕۆژی ٢٣ی نۆڤەمبەری ڕابردوو نامەی هەڕەشەئامێز بە نووسینی "دەتانکوژین" بۆ کارگەیەکی کوردان لە شاری برێمەن نێردرابوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە