هەواڵ

زانیاریی نوێ لەسەر ئەو سکاڵایەی لە ئەمریکا لەدژی بنەماڵەی بارزانی تۆمار کراوە

دەنگی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا هەندێک زانیاریی نوێی لەسەر ئەو سکاڵایەی لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا لە واشینگتۆن لەدژی بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی تۆمار کراوە، ئاشکرا کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە سکاڵاکاکاران تۆمەتگەلێکی وەک بەرپرسیارەتی لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەدەست داعش و کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل تا قاچاخچێتی بە مادە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە و چەندین تۆمەتی دیکەیان ڕووبەڕووی ئەو بنەماڵە دەسەڵاتدارە کردۆتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، ١٥ ی فێبرییەی ٢٠٢٤، دادگای فیدراڵی لە واشینگتۆن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێ لە ماوەی ٢١ ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.

سکاڵاکان ٣ لایەن کردوویانە کە بریتین لە: ڕێکخراوی KURDISTAN VICTIMS FUND ، مەکی ڕەڤەند و JOHN DOES 1-5000 .

ناوی JOHN DOES 1-5000، دەستەواژەیەکە لە دادگاکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت؛ ئیدی دەکرێت یەک کەس بێت یان پێنج هەزار کەس بن.

فایلی کەیسەکە لە ٣٣٢ لاپەڕە پێک هاتوە و تێیدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی بێ‌شومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردۆتەوە. لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکایین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن. سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

لەلاپەڕەیەکی کەیسەکەدا نووسراوە کە لە گوندێکی هەرێمی کوردستان و لە ژێر پارێزی مەسرور بارزانی و کەسێکی دیکە، ویسکی بە ناوی مارکەی ئەمەریکایی Jack Daniel's ساختە دەکرێت و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.

لە تۆمەتێکی دیکەدا کە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا دەستی کەوتووە، سکاڵاکاران دەڵێن، بەڵگەنامەیان هەیە ئاشکرای دەکات ژنێک لە بنەماڵەی بارزانی کە هاوڵاتیی ئەمریکاشە، خاوەنی ٢٦ کۆمپانیای جۆراوجۆرە و ١٤ هوتێل، ٦ کارگە و ٢٨٦ کافتریا، ٥٤٠ ئەپارتمان، ٤٨ ڕێستورانت، ٨ سەنتەری جۆراوجۆر و ٢ پرۆژەی گەشتیاری، نەخۆشخانەیەک و بانکێک.

لەو کەیسەدا هەروەها ناوی لانیکەم ٥٠ کەس وەک تۆمەتباران، هاتووە کە بەشێکی زۆریان لە بنەماڵەی بارزانین لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن.

لە یەکێک لە تۆمەتەکان نووسراوە، کەسێک کە ناوی ئاشکرا ناکرێت، مکوڕ هاتووە کە تۆمەتباران لەگەڵ کەسانی دیکەدا کارمەندێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکایان ڕفاندووە کە بە فەرمی کاری لەسەر سپای پاسدارانی ئێران دەکرد. پاشان بە شێوەیەکی بێ‌بەزییانە لێی دراوە هەتا گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەیان لە دۆڵی بارزان فڕی داوە. لە فایلی کەیسەکەدا وێنەی تەرمێک کە لە دارستنانێکدا کەوتووە بڵاوکراوەتە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەوە تەرمی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییەیە.

بەشێکی دیکە لە تۆمەتەکان بریتین لەوەی کە دەرمانی ساختە بە ناوی مارکە و براندی ئەمەریکایی دروست دەکرێن و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن. ساکاڵاکاران دەڵێن مانگانە لانیکەم ٢٠ ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو دەرمانانەیە بۆ ئەو کاربەدەستە باڵایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە جگەرەی ساختە بە ناوی مارکەی ئەمەریکایی دەفرۆشرێن.

بە پێی یاسای ئەمەریکا مافی خاوەندارێکی مارکەکان پارێزراوە و کۆپی‌کردنی مارکە و مامەڵەکردن پێوەیان، دەچێتە خانەی تاوانی سڤیل و سزای لەسەرە.

جگە لەوانە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەو یارمەتییانەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی کۆمەک و هاوکاری لەلایەن کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی بارزانییەوە لێیان براوە، وەکو چەک و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و خۆراک و ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی و کۆمەکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە. دەشڵێن کەسانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەواڵگری ئەمەریکایی دەستیان هەیە لە بردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە