هەواڵ

کەجەکە: گەلی کورد هەرگیز فیداکاری و تێکۆشانی قازی محەمەد و هەڤاڵانی لە یاد ناکات

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان، کەجەکە، یادی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی بەرز ڕاگرت و رایگەیاند گەلی کورد هەرگیز تێکۆشانی پێشەوا قازی و هەڤاڵانی لەیاد ناکات.

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ٧٧ مین ساڵیادی لە سێدارەدانی پیشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵانی ڕایگەیاند کە کۆماری کوردستان لە مهاباد لە تێکۆشانی گەلی کورددا پێگەیەکی گرنگی هەیە و و گەلەکەمان هەرگیز تێکۆشانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە یاد ناکات. کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە قازی محەمەد و هەڤاڵانی بە دڵسۆزییەکی مەزنەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان خەبات و تێکۆشانیان کرد.

بە دامەزراندنی کۆماری مەهاباد، لە ڕزگاریی گەلی کورددا، هەنگاوێکی مێژووییان هاویشت. دەوڵەتان، بەتایبەت بەریتانیا و سۆڤییەت کە بێجگە لە بەرژەوەندیی خۆیان، هیچ بەهایەک ڕەچاو ناکەن، و لەوچوارچێوەیەدا لەگەڵ ڕژێمی شای فاشیست ڕێککەوتن، پاشان دەوڵەتی ئێران هێرشی کردە سەر کۆماری مەهاباد و، سەرئەنجام قازی محەمەد و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانی لە گۆڕەپانی چوارچرا لەسێدارەدران.

کۆماری مەهاباد هەرچەند لە ئەنجامی خیانەت و هێرشی دەوڵەتان و هێزەکانی دوژمنی گەل و ئازادییەوە ڕووخێنرا، بەڵام زیاد لە سەدەیەکە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا پێگەیەکی گرنگی هەیە. قازی محەمەد و هەڤاڵەکانیشی وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا، دەستبەرداری هەڵوێستی ئازادیی خۆیان نەبوون و سەپاندنی ڕادەستبوونیان بە دوژمن ڕەتکردەوە.

ئەگەرچی چەندین ساڵ بەسەر ئەو رووداوە مێژوویە تێدەپەڕێت کە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، بەڵام بەئێستاشەوە دەوڵەتانی سەرمایەدا بەهەمان زهنیەت لەگەلی کورد دەڕوانن و هەوڵی دووبارە بوونەوەی دەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی ئەو پێشەنگە مێژووییانە لە پێشکەوتنی نەتەوەی دیموکراتیک و دەسکەوتەکانی ئەمڕۆ گەلی کورددا، ڕۆڵێکی مەزنی هەیە.

هەر لە راگەیێندراوەکەدا کەجەکە شەهیدانی قزڵ‌دەرەی بیرهێناوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە شۆڕشگێڕانی مەزن، ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی کە باوەڕیان بە یەکسانی و ئازادی و خوشک و برایەتی و خەباتی هاوبەش هەبووە و لەم پێناوەدا تێکۆشان، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە.

کەجەکە رایگەیاندووە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وەک هێزێکی پاکتاوکەر لە ٣٠ ی مارسی ١٩٧٢، لە قزڵ دەرە بە کوشتنی ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی کۆمەڵکوژییەکی مەزنی دیکەی ئەنجامدا.

کەجەکە وێرای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی ئەو شۆڕشگێڕانەی بەباشی هەڵسەنگاندووە و شۆڕشی ئازادیی کوردستانی وەک درێژەدان بە تێکۆشانی ئەوان پێناسە کردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە