هەواڵ

ئومێد قەدیمی سزای زیندانی و غەرامەی بەسەردا سەپێندرا

ئومێد قەدیمی، برای فوئاد قەدیمی لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەڕە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕژیمی تارانەوە لەو شارە بە تۆمەتی "ئەندامێتیی کۆمەڵە"، "چالاکی تەبلیغی لە دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی" بە کۆی گشتی چل مانگ زیندان و ٨ میلیۆن و پێنسەد هەزار تمەن غەرامەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانیشتنی دادگای ئۆمێد قەدیمی ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە دادگای دیواندەڕە بەبێ بەشداری پارێزەری ناوبراو بەڕێوەچووە و حوکمەکە کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو پێی ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەو حوکمە، ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە کۆمەڵە ٣٢ مانگ زیندان و بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی لە دژی نیزام، ٨ مانگ زیندان و بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی ٨ میلیۆن و پێنسەد هەزار تمەن غەرامەی بەسەردا سەپێندراوە.

ئومێد قەدیمی ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دیواندەڕە لەلایەن سەرکوتکارانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و بۆ سنە ڕاگوازرا. ناوبرا دووای ٢٠ ڕۆژ لێپێچینەوە بە دانانی بارمەتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

فوئاد قەدیمی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە گەرمەی سەرهەڵدانەکانی شاری دیواندەرە لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لە لایەن هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تەقەی لێکراو و بریندار بوو و سێ ڕۆژ دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی بەختکرد.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە