هەواڵ

پژاک: رۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەژاک، بەهاری ئازادیی گەلە

رۆژی ٤ی ئاپریل، رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاکە.

پژاک لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی و یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە گەلی کورد و بنەماڵەی شەهیدان و ئازادیخوازان، رۆژی ٤ی ئاپریلی وەک بەهاری ئازادیی گەل ناو برد.

پژاک لە بەیاننامەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە لەسەر ماڵپەڕی ئەو حزبە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو ساڵانەدا کە دوژمن هیوای بە سیاسەتی تواندنەوە و ژینۆسایدی کلتووری بەستبوو، دەرکەوتنی پژاک، شکۆفەی بەهار و نەورۆزی کورد بوو بە بووژاندنەوەی ژیانێکی پڕ لە ئومێد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پژاک دەڵێت: پایەکانی پەژاک لەسەر چەمکە گەورەکانی دیموکراسی و ئازادی داڕێژراوە، هەربۆیە دامەزراندنی پەژاک لە ٤ی ئاپریلی ٢٠٠٤، دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی هەستانەوە، کە لەوپێناوەدا رۆڵە دلێرەکانی گەلەکەمان، بە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پەژاکەوە، فەلسەفەی گیانفیدای و فیداکارییان کردە لوتکەی ڕێبازی ڕۆشنی خۆیان.

هەروەها پژاک دەڵێت: هاوکاتی سێهەمین لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ دامەزراندنی پارتیمان، ڕووداوێکی گەورەیە لە چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە لەدایکبوونەوە و زیندووبوونەوەی نەورۆزیانە و لەدایکبوونی ئازاد لەخۆدەگرێت. ئەرکی پەژاکیش ئافراندنی حەماسەیە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە دژی ستەمکاری.

لەو سۆنگەیەوە پژاک یادی هەموو ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرێت، کە هەر لە دامەزراندنییەوە تا دەگاتە درەوشانەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و نەورۆزی ئەمساڵ، درێژەپێدەری رێگەی خەبات بوون.

پژاک سەبارەت بە رێورەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، جەخت دەکاتەوە، کە لە هەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆز سەرهەڵدان ئاسا بەڕێوەچوو، کە ئەمەش هیوایە بە داهاتوویەکی ئازاد و سەرکەوتنی گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، ئەم هیوایەی گەیاندە لوتکە و ئێستاش لە سەروبەندی ٤ی ئاپریلدا، پێویستە بیر لە تێکۆشانی بەهێزتر بکرێتەوە لە دژی سیستمە ستەمکارەکان.

سەبارەت بە یەکگرتوویی نێوان گەل و گەریلا، پژاک ئەو یەکڕیزییە وەک کرۆکی تێکۆشان دەبینێت، کە بە پێشەنگایەتیی ژن دەگاتە مانای ڕاستەقینەی خۆی و تێکۆشانی ژنانیش لە پێشەنگایەتی کردنی رێگای ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەژاک لەسەر بنەمای مرۆڤی ئازاد و ژنانی ئازاد دایمەزراندووە.

پژاک دەڵێت: ژنانی کورد لە پێشەنگایەتیی تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیامێکی گرنگیان لەسەر شانە و هێڵی سیاسەتی پژاکیش کە لەسەر بنەمای فکری ئازادیخوازانەی رێبەر ئاپۆ دامەزراوە، گەورەترین ڕێنیشاندەرە.

پژاک لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، رۆژی ٤ی ئاپریل لە گەلی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان، هێزی گەریلا، گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دایکانی شەهیدان و هەموو ئەو کەسانە پیرۆز دەکات، کە نەورۆزی ئەمساڵیان بە شکۆوە پیرۆز کرد و جەخت دەکاتەوە کە تا سەرکەوتن، پابەند دەبێت بە هەموو ئەو بەڵێنانەی لەپێناو ژیانێکی ئازاد و دیموکراتدا بە گەلی کوردی داوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە