هەواڵ

هۆشداری سەبارەت بە ئاماری بەرزی جێبەجێ‌کردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دوایین ڕاپۆڕتی خۆیدا سەبارەت بە ئێران دەڵێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا، سزای لە سێدارەدانی ٨٥٣ کەسی جێبەجێ‌کردووە و ئەوەش زیاترین ئاماری تۆمار کراوە لە ٨ ساڵی ڕابردوودا.

ئەم ڕێکخراوە جیهانییەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆڕتەکەی خۆیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سەرکوتی بەربڵاوی هاووڵاتیان و هەڵوەشاندنەوەی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، هەنگاوی جیددی هەڵبهێننەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە، زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا "شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵ" بوون و بە پێی ئەو ئامارە وردانەی بڵاوکراونەتەوە، لانیکەم ٤٨١ کەس لە ساڵی ڕابردووی زایینی‌دا بەهۆی سزاگەلی پەیوەندی‌دار بە مادەی هۆشبەرەوە لە سێدارەدراون. ئەم ئامارە زیاتر لە نیوەی هەموو ئێعدامەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران بووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، کەمینەی نەتەوەیی بەلووچ تەنها نزیکەی ٥ لەسەدی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، بەڵام ٢٩ لەسەدی (واتە ١٣٨ کەس) لە سێدارەدانەکان لە پەیوەندی لەگەڵ مادەی هۆشبەردا، شارۆمەندانی بەلوچ لە خۆدەگرێت.

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کەیسەکانی سزای لە سێدارەدانی بە ئامانجی دروستکردنی ترس لە نێو کۆمەڵگەی ناڕازیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چڕتر کردۆتەوە. ئاماری ئێعدامەکان لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین ئامار لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بووە و بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٤٨ و ١٧٢ لەسەد زیادی کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە بەردەوامیی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەمساڵدا کردووە و پشتڕاستی کردۆتەوە کە تا ڕۆژی ٢٠ی مارسی ٢٠٢٤ لانیکەم ٩٥ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

ئەم ڕاپۆرتە جەختی لە کەمترین ئاماری پێشکەشکراو کردۆتەوە و نووسیویەتی کە لە زۆر حاڵەتدا سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان یان تۆمەتە ئەمنییەکان بە نهێنی جێبەجێ دەکرێت.

پێشتریش دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ڕایانگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم سزای لە سێدارەدانی ٨٣٤ کەسی جێبەجێ‌کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراوە. جێبەجێ‌کردنی ئەو سزایانە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کە ٥٨٢ حاڵەت‌بووە، بە ڕێژەی ٤٣لەسەد زیادبوون نیشان دەدات.

ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" کە بنکەکەی لە نەرویژە و ڕێکخراوی "پێکەوە دژی سزای لە سێدارەدان"ی فەڕەنسی لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا کە بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینی واتە ٢٠٢٤ بڵاویان کردبووەوە، باسیان لەوە کردبوو کە ئێعدامی زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا، بەرزترین ئامار لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستایە. لەو ساڵەدا لانیکەم ٩٧٢ کەس لە سێدارە دراون.

ئەم دوو ڕێکخراوەیە، کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە سزای ئێعدام بۆ "بڵاوکردنەوەی ترس" لە کۆمەڵگادا کەڵکی وەرگرتووە، بە تایبەت دووای سەرهەڵدانی شۆڕشگێری ژن، ژیان، ئازادی.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە