هەواڵ

پەسەندکردنی سزای سەپێندراوی زیندانی مەهیار ئەحمەدی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تورکیاوە

سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێز و زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد کە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی تورکیاوە لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و باکوور دەستبەسەر کرابوو، لە لقی ٢ی دادگای پێداچوونەوەی شاری وان‌ وەک خۆی ئەرێ کرایەوە. ئەم چالاکوانە کوردە بەنیاز بوو لە ڕێگەی تورکیاوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی پارێزراوی ئەورووپا.

ئەوە لە کاتێک‌دایە کە ماری لالوەر، ڕاسپێردراوی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ، بەفرانباری ١٤٠٢(ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی سەپاندنی ئەو سزایە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، داوای ئازادکردنی دەسبەجێی ئەم پەناخوازە کوردەی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مەهیار ئەحمەدی کە ئێستا لە زیندانی شاری وانە، ڕۆژی ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) ئاگادار کراوەتەوە کە سزاکەی پەسەند کراوە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن دادگایەکەوە لە شاری جۆلەمێرگ‌دا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا" سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی پارێزەرەکەی تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دادگای پیاچوونەوە.

مەهیار ئەحمەدی دوای دەستبەسەرکران بۆ ماوەی چەند حەفتە لە زیندانێکی شاری جۆلەمێرگ ڕاگیرا و دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری وان و لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا" لە لایەن دادگایەکی ڕژیمی تورکیاوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و بەم دواییانە سزاکە لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی وانەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە