هەواڵ

ڕەزا بەبرنژاد، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان لە قوچان دەستبەسەر کرا

ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان، بۆ دووهەم جار لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) ڕەزا بەبرنژاد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری قووچان دەستبەسەر کراوە و بۆ زیندانی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دادخوازە ڕۆژی ١٣ی جۆزەردان دوای ١٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی قووچان ئازاد کرابوو.

پێشتر لە ڕێکەوتی ٣١ی گوڵاندا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ڕەزا بەبرنژاد و دەستبەسەریان کردبوو، هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیش دەگەڕایەوە بۆ بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لایەن ئەم هاووڵاتییەوە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و ئەندامی لیژنەی مەرگ لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (٨٠ی زایینی).

هەروەها ڕۆژی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە سەروبەندی ساڵیادی لەدایکبوونی مێهدی بەبرنژاددا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە قووچان و ڕەزا بەبرنژادیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای تێپەڕینی ماوەیەک و کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، بە بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی ٢٢ ساڵانی خەڵکی قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و گیانی بەخت کرد.

هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەم هاووڵاتییەیان دوای ٣ ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم گیانبەختکردووە بە ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «شارەک»ی قووچان بەڕێوە چوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە