هەواڵ

ڕێکخراوی سی.پی.تی ئەمریکایی: بۆردوومانەکانی تورکیا دانیشتووانی ١٦٢ گوندی ئاوارە کردووە

ڕێکخراوی سی.پی.تی ئەمریکایی لە نوێترین ڕاپۆرتئدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هۆی لەشکرکیشی و بۆردوومانەکانی ڕژیمی تورکیاوە لانیکەم ١٦٢ گوند چۆڵ کراون ٦٠٢ گوندی دیکەش مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە. هەروەها ٢٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی و دارستان سووتاون. بەپێی ڕاپۆرتەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و ٧٦ هێرشی بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام داوە.

لە ڕاپۆرتەکەی تیمی کوردستانی عێراقی "سی.پی.تی"دا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ (٧ی ژووییە) بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: " لە ڕاپۆرتەکەیاندا تیمی تیمی کوردستانی عێراقی سی.پی.تی دەڵێت: بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە دواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانین، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنیی لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە لەشکرکێشییەکی نوێی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەر دەڤەری بەرواری باڵا کراوە کە لە ١٥ی مانگی ڕابردووی زایینییەوە دەستی پێکردووە و تا ئیستا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای داگیرکەری تورکیا لە سەرەتای ئەو لەشکرکێشییەدا لە شەش گوندی دەڤەری بەرواری باڵآ مانۆڕی سەربازی ئەنجام داوە. هەروەها لە ٢٥ـی حوزەیراندا، زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیر کردووە. ڕۆژی دواتر دەستی کرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ و لە ڕۆژی ٢٧ـی حوزەیراندا، سەربازانی تورک چوونەتە ناو گوندی دەرگەلێ موسا بەگی و دانیشتووانەکەیان ناچار کردووە گوندەکە بەجێبهێڵن.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم لەشکرکێشییەدا دەوڵەتی تورکیا ٢٣٨ جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجام داوە. بە هۆشیانەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچانە سووتاون، تەنها لە گوندی سەرگەلێ نزیکەی ٥٥٪ـی دارستان و ڕەزوباخی هاووڵاتییانی مەدەنی سووتاون.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ سی.پی.تی پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە لە بەرەبەیانی ٤ـی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (٤٥) زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون، دانیشتووانی گوندەکە ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هێرشە درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

سی.پی.تی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە سەرەتای مانگی ژانوییەوە تا کۆتایی ژوەنی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورکیا هەزار و ٧٦ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر باشووری کوردستان ئەنجام داوە، کە ٥٢٦ـیان بۆ سەر پارێزگای دهۆک، ٤٠٥ بۆ سەر پارێزگای هەولێر، ١٣٥ بۆ سەر پارێزگای سلێمانی و ١٠ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای نەینەوابوون، کە ٩٣٪ هێرش و بۆردوومانەکان بە فڕۆکەی جەنگیی کراون. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٣ سوپای داگیرکەری تورکیا ١٥٤٨ هێرشی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامدابوو.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کردووە، سەرباری شەهیدبوونی هەشت هاووڵاتیی مەدەنی لەم ساڵدا، ژێرخانی ئابووریی و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانیان بەرکەوتووە. لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ـی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنەخوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

دەقی ڕاپۆرتەکەی سی.پی.تی بەمشێوەیە:

ڕاپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا

لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا. لە ٢٥ی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا. لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی.پی.تی لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات. دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی سی.پی.تی یان ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت. لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی (١٥) کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورە بروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی (٧) کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو.

لە سەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا (٢٣٨) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون. بەهۆی ئەم بۆردوومان و هێرشانە، زیاتر لە (٢٠) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی (٥٥٪)ی دارستان و ڕەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی (١٦٢) گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە (٦٠٢) گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ سی.پی.تی پشتڕاستیانکردەوە کە لە بەرەبەیانی ٤ی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی (٤٥) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون. ئەمەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا. گوندنشینانی سەرگەلێ، ترسیان هەیە کە ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا و پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو گوندەکەدا درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سوپای تورکیا (١٠٧٦) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لەم ژمارەیە (٥٢٦) هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك، (٤٠٥) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێر، (١٣٥) هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و (١٠) هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون. لە (٩٣٪)ی بۆردوومانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣، سوپای تورکیا (١٥٤٨) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانی ئەنجامدابوو.

سەرباری شەهیدبوونی (٨) هاووڵاتی مەدەنی لەم ساڵدا، لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون و زیانییان بەرکەوتووە. لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکرا. لە دواین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوت. لە ئێوارەی ڕۆژانی ٤ و ٥ی تەمووزدا، دوو پارچە تۆپ لەناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ کەوتنە خوارەوە و سەرباری زیان گەیاندن بە خانووی سێ هاووڵاتی مەدەنی، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیش زیانی بەرکەوت.

تیمی کوردستانی عێراقی سی.پی.تی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەدواین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و کاریگەرییەکانی بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی و سەر و ماڵی گوندنشینان دەڕوانێت. لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترسمان هەیە لە ئاوارەبوونی سەدان خانەوادەی مەدەنی لە سنوری قەزای ئامێدی.

تیمی کوردستانی عێراقی سی.پی.تی

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە