هەواڵ

سزای بەندکران بۆ چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە مەریوان

ئارام قادری، ئارام محەممەدی، تەحسین موستەفا و سەیوان سلێمانی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "بانگەشەی دژ بە حکومەت" هەرکامە سزای ٤ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا. بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چوار مامۆستایە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان بەڕێوە چووە و حوکمەکەیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێ ڕاگەیەنراوە. دادگا ئەم سزایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

دەوترێت داواکاری گشتیی مەریوان و لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، بڵاوکردنەوەی بابەت بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوە پیشەییەکانی مامۆستایانی وەک بەڵگەی تۆمەتەکە لە قەڵەم داوە و دادگایش بەپێی مادەی ٥٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندوون.

ئارام قادری، ئارام محەممەدی، تەحسین موستەفا و سەیوان سلێمانی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای سێ ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد کران.

دۆسیەی ئەم چالاکانە لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەریوان.

ژمارەیەک لە مامۆستایانی کورد، لەوانە ئارام قادری و تەحسین موستەفا، ساڵی ڕابردوو لەبەر بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەییدا و پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن فەرمانگەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستانەوە لە ڕیزی «یاسای سیستەمی پلەبەندیی مامۆستایان» سڕدرابوونەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە