
ڕێکخراوی فریاگوزاری بەریتانی ئۆکسفام بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک ڕایگەیاند کە "کەمی ئاو لە کەرتی غەزه گەیشتووەتە خاڵێکی هەستیار و ئیتر ئاو لەو کەرتە بەردەست ناکەوێت".
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕ (١٨ ژووئیە)، ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاند کە "دانیشتووانی غەزه لە ڕۆژێکدا تەنیا ٤.٧٤ لیتر ئاویان دەستدەکەوێت و بە بەراورد بە پێش جەنگ بە ڕێژەی ٩٤ لەسەد کەمتر ئاو بەکاردەهێنن".
ئۆکسفام لە ڕاپۆرتەکەیدا وردەکاری زۆری بڵاوکردۆتەوە و بە شێوەیەکی کەم وێنە ڕەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرتووە و ئەم وڵاتەی تۆمەتبار کردووە بەوەی "ئاو وەک چەک بەکاردەهێنێت".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئۆکسفام ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی ستانداردەکان، تەنانەت لە کاتی دژوار و ئاوارتەشدا هەر هاووڵاتیەک دەبێ لانیکەم ١٥ لیتر ئاوی لەبەردەست بێت تا بتوانێ پێی بژیت.
هەروەها ئۆکسفام دەڵێت کە "ئیسرائیل گەیاندنی ئاو لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دوادەخات و سیستەمی ئاو لەناو دەبات و ڕێگری دەکات لە هاتنە ژوورەوەی هەر یارمەتییەک".
بە گوتەی ئۆکسفام بەکارهێنانی سیستماتیکی ئاو وەک چەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و سەرچاوە سەرەکییەکانی دیکە، یەکسانە بە سزادانی بەکۆمەڵ بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل.
سەرچاوە فەلەستینییەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار هاووڵاتی فەلەستینی لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەزه لەناو خودی ئەو شریتەدا ئاوارە بوونە و نزیکەی سەدا ٩٠ی سەرجەم بیناکان وێران بوونە یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.