پەژاک و کۆدار: شەهید ڕێزان جاوید مۆدێلی رێبەرێکی دیموکرات و فیداکاری بزووتنەوەی ئازادیخوازییە
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونی یەکێک لە پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید رێزان جاوید تێپەڕدەبێت، کە لە هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان گیانی بەختکرد. پەژاک و کۆدار لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای بەرز راگرتنی یادی ئەو شەهیدە، رایانگەیاند: شەهید ڕێزان مۆدێلی رێبەرێکی دیموکرات و فیداکاری بزووتنەوەی ئازادیخوازیی بوو.
دوو ساڵ لەمەوبەر، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای فاشیستی تورکیا لە شاری قامیشلۆ، یوسف رەبانی ناسراو بە رێزان جاوید شەهید بوو، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و ئەندامی شورای بەڕێوەبەریی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار.
ئەمڕۆ کۆدار و پەژاک لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئاماژە بەوە دەدەن، کە لە دووهەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، هەر چوار پارچەی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی بێوێنەی دوژمنانی گەلی کورد و گەلانی چەوساوەدایە و دەڵێن: هەربۆیە لە ئێستادا درێژەدان بە خەباتی شەهیدانی وەک شەهید ڕێزان، ڕێگای دیار و روونی ئێمەیە.
سەبارەت بە چوونی شەهید رێزان بۆ رۆژئاوای کوردستان، پەژاک و کۆدار دەڵێن: شەهید رێزان چوو بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تا بە چاوی خۆی یەکڕیزی گەلانی ستەملێکراو لە دژی فاشیزم ببینێت و هەروەها پەیامی پاڵپشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا برد، کە بە سیمبولی سەرکەوتنی دەزانی و ئەزموون و توانای خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی ڕۆژئاوای بە بناغەیەکی بەهێز دەزانی بۆ هەموو کورد.
ڕێگای دروستی ئەم کارەش لەلای، پێشخستنی چالاکییە نەتەوەییەکان بوو بۆ خزمەتکردنی هەموو گەلی کورد، ئەویش بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان. بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە، شەهید رێزان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا مۆدێلی ریبەرێکی دیموکرات و فیداکار بوو.
شەهید ڕێزان پێی وابوو لە رێگای بەدیهێنانی کوردستانێکی ئازاد و بەدەستهێنانی دیموکراتی لە ئێران، مرۆڤ هەموو ڕێگا سەخت و پڕ مەترسییەکان دەگرێتەبەر.
کۆدار و پەژاک بە ئاماژەدان بەوەی شەهیدبوونی ڕێزان جاوید زیانێکی گەورەبوو بۆ گەلی کورد، بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە پابەندبوونی بە ڕێبازی ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی فکری ئەو، ئەمڕۆ هەزاران شوێنکەوتووی دیکە لەسەر ئەو ڕێگایە دەڕۆن.
کۆدار و پەژاک دەڵێن: ئێمە بەقوڵی باوەڕمان وایە ئەمڕۆ جەوانانی گەلەکەمان دەنگی تێکۆشانی شەهیدان و گیانفیدایانی ئەم رێگا رۆشنەی ئازادییان بیستووە و لەئێستادا ئامادەن بۆ هەموو گیانفیداییەک.