هەواڵ

ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی سزایان خسته سەر ئێران ئەیر

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان ڕایگەیاند کە بە هۆی ناردنی مووشەکی بالیستیک بۆ ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە، سزای نوێ بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێنێت.

بلینکن، لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی، دەیڤید لێمی، ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بەهۆی ناردنی مووشەکی بالیستیک بۆ ڕووسیا گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران و هەروەها کۆمپانیای ئێران ئێیر لە لیستی ئەو گەمارۆیانەدایە.

هاوکات ئاڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، ئەوڕۆ سێشەممە، هەنارده کردنی موشەکی بالیستیک لە لایەن ئێران ڕا بۆ ڕووسیا و به کارهێنانی له شەڕی ئۆکراینی، مەحکووم کرد.

ئەو سێ وڵاتە ئەوروپیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی دوولایەنەی خزمەتگوزاری ئاسمانی لەگەڵ " ئێران ئەیر" رێوشوێنی خێرا دەگرنەبەر و ئەوەشیان زیاد کرد کە ئێران ئێیر دەخەنە لیستی گەمارۆکانەوە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دابووە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دانی مووشەکی بالیستیک بۆ ڕووسیا "زیانێکی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان دوو وڵات دەگەیەنێت".

لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر "دەستدرێژکار"ی ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو: «قووڵبوونەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ نەک تەنیا ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵکوو ئاسایشی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە.»

مووشەکی بالیستیکی خێراتر لە مووشەکی کروز یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەفڕن، لە هەمان کاتدا توانای هەڵگرتنی تەقەمەنی زیاتریان هەیە.

سەرەتا ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکردەوە کە پشتیوانی سەربازی بۆ یەکێک لە لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات، بەڵام دواتر دانی بەوەدانا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی بۆ ڕووسیا دابین کردووە.

ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا بۆ ڕێژیمی ئێران تێچووشی هەبووە. هەریەک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا لەم پێوەندییەدا چەندین سزایان بەسەر تاراندا سەپاندووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە