هەواڵ

سەرۆکی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ، سەر بە ئێران ئەڵمانیای بەجێهێشت

سەرۆکی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ دوای تەواوی بوونی وادەی جێهێشتنی ئەڵمانیا، ئەو وڵاتەکەی بەجێهێشت.

محەممەد هادی موفەتێح پێش ئەوەی لە ئەڵمانیا بڕوات، داواکارییەکی بەپەلەی دژ بە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی پێشکەش بە دادگای هامبۆرگ کرد.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی هامبۆرگ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان ڕایگەیاند کە محەمەد هادی موفەتێح سەرۆکی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە ئەڵمانیا چۆتەدەرێ.

دوا وادەی ئەو مامۆستا ئایینی تەمەن ٥٧ ساڵە ئێرانیە، بۆ جێهێشتنی ئەڵمانیا نیوەشەوی ١١ی سێپتەمبر بووە و فەرمانی دەرکردنی پێشتر دەرکرابوو. محەممەد هادی موفەتێح بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ئیزنی نییە بچێتە ناو خاکی ئەڵمانیا و ئەگەر بچێت دەستبەسەر دەکرێت و ئەگەری هەیە بە ٣ مانگ زیندان حوکم بدرێت.

ئەندی گرۆت، سیناتۆری ناوخۆی هەرێمی هامبۆرگ، ڕۆیشتنی موفەتێح لە ئەڵمانیای بە "هەواڵێکی خۆش" بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی ناوبرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە موفەتێح "نوێنەری بەئەزموون و ڕاهێنراوی ڕێژیمی ئێستای ئێرانە" و هەربۆیە "ویستی پێویست و تایبەت" بۆ دەرکردنی لە ئاڵمانیا هەبووە.

ڕۆژی ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی ژوئەن)، پۆلیسی ئەم وڵاتە هێرشی کردە سەر ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ، ناسراو بە "مزگەوتی شین" و ناوەندە لاوەکییەکانی لە شارە جیاوازەکان و دایخستن.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئاڵمان، چالاکییەکانی ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ و لق و پۆپەکانی کە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن، قەدەغە کرا.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ و لقەکانی لە شارەکانی فرانکفۆرت، میونشن و بەرلین قەدەغەیە لەوە بەدواوە، بەهۆی پەیڕەوکردنی "ئامانجی ئیسلامی ڕادیکاڵ".

هەروەها ئەم وەزارەت‌خانه ڕایگەیاند کە ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ (مزگەوتی شین) دەستوری کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا پێشێل دەکات و "دژی جوولەکە‌کان و دژە بە ئیسرائیل ئاژاوە بڵاودەکاتەوە".

مێژووی ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی، ئەوکاتە کە لەلایەن ژمارەیەک ئێرانی نیشتەجێی ئەم شارە دامەزراوە و بووەتە شوێنی سەرەکی کۆبوونەوەی موسڵمانانی شیعە.

بەڵام دوای شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٧، ئەم ناوەندە بوو بە دامەزراوەیەک بۆ فراوانکردنی ئایدۆلۆژیا و گوتاری ئایدیاڵی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان.

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە نەیارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانیشتووی ئاڵمان، خوازیاری داخستنی ئەم ناوەندە بوون. بە تایبەت لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لە بەردەم ئەم مزگەوتەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی زۆر بەڕێوەچوون.

لە ساڵانی ڕابردوودا داواکاری هاوشێوە بۆ داخستنی مزگەوتەکانی تورکیاش لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە وروژێنراوە. مزگەوتەکانی تورکیا کە ئیمامەکانیان لەلایەن دامەزراوەیەکی پەیوەندی‌دار بە ئەردۆغانەوە هەڵدەبژێردرێن، بە ئاشکرا پڕوپاگەندەی گوتاری دژە کورد دەکەن و بەبێ هیچ ترسێک هێرش دەکەنە سەر کورد و کوردستان.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە