هەواڵ

تەقینەوەی پەیجەرەکانی حیزبولڵای لوبنان؛ ٨ کوژراو و لانیکەم ٢٧٥٠ بریندار

بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانان (١٧ی سێپتەمبەر)، بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەکانی هێزەکانی حیزبوڵای لوبنان، هەزاران ئەندامی ئەم گرووپە بریندار بوونە. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم ٢٧٥٠ کەس بریندار بوون و ٨ کەسیش کوژراون.

حیزبوڵڵا ئیسرائیل بە تاوانباری سەرەکی دادەنێت، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستا بە فەرمی هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە.

پەیجەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بچووک و بێ وایەرە کە بۆ وەرگرتنی نامەی کورت (ژمارە و پیت) بەکار دەهێندرێت. پەیجەرە نوێیەکان پێشکەوتووترن و توانای ناردنی نامەی دەنگی کورتیشیان هەیە و بە شەپۆلی ڕادیۆیی کار دەکەن. هەر پەیجەرێک ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر وەک مۆبایل و تلەیفون.

هەرچەندە پەیجەرەکان لە سەردەمی دیجیتاڵیدا جێگەی خۆیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتر وەک مۆبایلە زیرەکەکان داوە، بەڵام هێشتا لەلایەن هەندێک ڕێکخراوی خزمەتگوزاری و فریاگوزاری و کارمەندانی سەلامەتی گشتی بەکاردەهێنرێن. بە تایبەتی پەیجەری مانگی دەستکردی مۆدێرن کە بە شێوەیەکی باو لە بارودۆخە مەترسیدارەکانی وەک کارەساتی سروشتیدا بەکاردەهێنرێن.

هێزەکانی حزبوڵای لوبنان پەیجەر بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی هۆشداری لەکاتی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرە، ئەندامانی حیزبوڵڵا لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان بوونەتە قوربانی تەقینەوەی پەیجەرەکان. لە نێو بریندارەکاندا موجتەبا ئەمانی باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیروتیش هەیە.

وێنەی قەرەباڵغی لەبەردەم بەشێک لە نەخۆشخانەکانی بەیروت لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە. هاوکات نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای چارەسەری خێرای بریندارەکانی کردووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی نزیک لە حیزبوڵڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل دەستی هەبووە لە زنجیرە تەقینەوەکانی ئامێرەکانی پەیوەندی و پەیجەرەکانی هێزەکانی حیزبوڵڵا. بەڵام ئیسرائیل تا ئێستا کاردانەوەی فەرمی بەرامبەر بەو دەنگۆیە نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان تەقینەوەکانی بە "کردەوەیەکی دوژمنکارانەی بێوێنە" وەسف کردووە کە بە بەکارهێنانی "تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو" ڕێکخراوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی لوبنان داوای لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە ئامێری پەیوەندی پەیجەریان هەیە دەستبەجێ لەخۆیانی دوور بخەنەوە.

ژمارەیەک نەخۆشخانەی لوبنان بانگەوازی بەخشینی خوێنیان بڵاوکردەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین وێنەی تەقینەوەی ئەم ئامێرانە و برینداربوونی خەڵک لە شوێنە جیاوازەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

شایەتحاڵان باسیان لە تێپەڕبوونی بەردەوامی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ژمارەی زۆری بریندارەکان لە باشووری بەیروت کردووە.

حیزبوڵڵای لوبنان گرووپێکی شیعەی توندڕەون کە چەکدارن و لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ئەم گرووپە هاوکات لەگەڵ گروپە شیعەکانی دیکەی ناوچەکە چەندین ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیسرائیل ئەنجامداوە، هەروەها ئیسرائیل لە تۆڵەدا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەم گرووپە لە باشووری لوبنان.

لەئەنجامی ئەو ململانێیانەدا دەیان کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی حیزبوڵڵا بوونە. هاوکات دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ناچار بوون لە شوێنی ئارام نیشتەجێ بن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە