هەواڵ

کۆمیسیۆنی ژنانی کەنەکە: سیاسەتی ترس و تۆقاندن و سێدارە نابنە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشانی ژنان

لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی، "ژن ژیان ئازادی"دا، کۆمیسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێمە بە ڕۆحییەتی ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە لە کەسایەتیی کچە قارەمانی کورد "ژینا ئەمینی" و هەموو ئەوانەی لە لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەخت کرد، ئەم یادە بەبیر دێنینەوە. هەروەها بۆ تەواوی تێکۆشەرانی ئازادی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دروود دەنێرین.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەد ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ ەوە دوا بە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی دڕندانە بە دەستی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران شەهید کرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان سەرهەڵدانێکی مەزنیان دەست پێکرد.

"راپەڕینەکان خۆڕسکانە و ئامانج‌ئامێزانە لە دژی فشارەکانی دەسەڵاتدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە دژی چەوساندنەوەی خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” گۆش دەکران، راپەڕین و خۆپێشاندانەکان گەورە و گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوون."

کەنەکە هەروەها ڕایگەیاندووە: "لە ژێر سایەی چەمکی “ژن، ژیان، ئازادی” کە ببوو بە تێگەیەکی جیهانی و مۆرکی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوو دا، ژنان لە هەموو دونیادا لە دەوری ئەم دروشمە کۆبوونەوە و بە یەک گەیشتن."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ لە هەموو کون و قوژبنەکانی جیهان ژنان لە دژی سیاسەتی داپڵۆسین و ژێردەستەکردنی ژنان و نایەکسانی و بەکۆیلەکردن تێدەکۆشن. ژنان لە حەقیقەتی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەنگ و هاواری خۆیان بەرز دەکەنەوە.

ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردۆتەوە کە "ئەم تێکۆشانەی ژنانی کورد، دەسەڵاتدارە سەردەستەکانی وا تەنگاو کردووە، بێباکانە دەست بۆ هەموو زوڵم و زۆردارییەک دەبەن، لێرەدا ژنان کە بوونەتە مۆتەکەی دەسەڵاتداران و هێز و باوەڕ و ئومێد بە تێکۆشەرانی ئازادیی گەلان دەبەخشێت. بۆیە هێرشەکان، فشارەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زیاتر بووە."

ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەباشی درک بە هێزی تێکۆشانی ژنان دەکات! بە دەرکردنی سزای قورسیش بەتایبەتی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان و تێکۆشەردا وەکو تۆڵەسەندنەوە دەیەوێت رێڕەو و گڕوتینی ئەم بەرخۆدانە لاواز بکات و رێگاکانی ئاستەنگ بکات.

بەڵام نە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و نە سێدارە نابنە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشان و خەباتی ژنان لە پێنار ئازادی و یەکسانیی. هەروەها دەسەڵاتداران ناتوانن بە کوشتن و لەسێدارەدانی ژنان، ژنان ملکەچ بکەن و دەست لەم خەباتەیان هەڵگرن. بەم پێیە ئەمڕۆ لە زۆرێک شوێنی دونیا تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێریەکی بەرزەوە بەرەو پێش هەنگاو دەنێت و چرای خەبات و تێکۆشانیان تا دێت رووناکتر و گەشتر دەبێت.

هەروەها ڕایانگەیاند، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) داوا لە ژنانی کوردستان لە ناو خاکی کوردستان و ژنانی دەرەوە لە تاراوگە دەکەین بە گیانی پیرۆزی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی" یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بن و تێکۆشان و خەباتی هاوبەش مەزنتر ئەنجامبدەن.

لە کۆتاییشدا بانگەوازیان کرد، بانگ لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە دیموکراتیخوازەکانی دونیا و بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین، کە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و کوشتن و سێدارەدانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان خاوەن دەنگ هەڵوێست بن."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە