هەواڵ

فەرماندەیی پۆلیسی ئێران دەڵێت ئەمساڵ ٢ ملیۆن پەنابەر سنوورداش دەکرێن

بەپێی ڕاپۆڕتی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئێران فەرماندەی گشتیy پۆلیسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، "نزیکەی دوو میلیۆن کەس لە خەڵکی بیانی نایاسایی" لە ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە.

ئەحمەدڕەزا ڕادان، کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانە بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەناسرێت، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی گوتی، هێزەکانی پۆلیس هەوڵدەدەن بە ئەنجامی چەند کردەوەیەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکە لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، تا کۆتایی ئەمساڵ "ژمارەیەکی بەرچاو" هاووڵاتیانی بیانی کە بوونیان لەو وڵاتە "نایاساییە" لە ئێرانەوە "دیپۆرت بکرێنەوە".

لە چەند مانگی ڕابردوودا هەندێک لایەنی تایبەت وەکوو پان‌ئیرانیست و پان‌فارسەکان هاوکات لەگەڵ هەندێک لایەنی ناو دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی هێرشێکی بەرفراوانیان دەست پێکردووە بۆ سەر پەنابەرانی ئەفغانستانی.

ئەو گوتەیەی پۆلیسی ئێران لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستاش پەرلەمانی ڕژیمی ئێران (مەجلیسی شوڕای ئیسلامی)، ڕایگەیاند کە سەرقاڵی جێبەجێ‌کردنی گەڵاڵە یاسایەکی نوێیە سەبارەت بە ڕەوشی "هاووڵاتیانی بیانی".

ئەگەر بێت و ئەو گەڵاڵەیە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا ئەوە دەبێ ساڵانە هەژماری "هاووڵاتیانی بیانی" بە ڕێژەی ١٠لەسەد کەم بکات. هەروەها ئەو گەڵاڵەیە ڕێوشوێنی نیشتەجێ‌بوون و کارکردن بۆ هاووڵاتیانی بیانی بەشێوەیەکی بەر چاو بەر تەسک دەکاتەوە.

لە ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامی‌دا مەبەست لە "هاووڵاتی بیانی" ئەو پەنابەرانەیە کە لە وڵاتانی دیکەڕا ڕوویان کردووەتەوە ئێران. بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەوە مۆڵەتی یاساییان هەیە، یا ئەوەی بە ڕەش لە ئێران دەژین. لەبەر ئەوە زۆرترین پەنابەر لە ئێران خەڵکی ئەفغانستانن، بۆیە ئەو وشەیە زۆربەی کات بۆ ئەوان بەکار دێت.

گەڵاڵەکە پێنج بەند لە خۆ دەگرێت و لە ئەگەری بوون بە یاسادا وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەبێت له ماوەی سێ مانگدا کۆی ژمارەی دانیشتوانی بیانی لە هەر شار، گوند، شارستان و پارێزگایەک بە بەراورد لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆجێی، کە نیشتەجێی ئەو شوێنەن یان لەوێ کار دەکەن، نابێت زیاتر لە سێ لە سەد بێت.

هەروەها دەبێت ژمارەی ئەو بیانیانە کە لە ئێران نیشتەجێن بە ڕێژەی ساڵانە١٠لەسەد کەم ببێتەوە.

لە هەمانکاتدا لە ماوەی سێ مانگدا دەوڵەت دەبێت کۆی ڕێژەی بەکارهێنانی ساڵانەی یارمەتی نانەختی لەلایەن هاووڵاتیانی بیانییەوە، وەک یارمەتییەکانی وزە، پەروەردە و ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتیەکان حیساب بکات لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان لە سەرەتای ساڵدا لێیان وەردەگیرێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە