هەواڵ

کەژار: ژن ژیان ئازادی هاوارێکی ئازادیخوازانەیە کە هەرگیز سەرکوت ناکرێت

چەند رۆژێکی کەممان ماوە بۆ دووەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان. کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ژنانی تێکۆشەر و کۆمەڵگەی ئازادیخواز دەکات، لە ساڵڕۆژی ئەو شۆڕشەدا لە مەیدانەکان بن تا کۆتایی بە سیاسەتی دژەژنی ڕژیمی ئێران بهێنن.

چوار ڕۆژی دیکە، دووهەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینیی و سەرهەڵدانی شۆڕشی سەرتاسەری ژن ژیان ئازادییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە رەوشی ئێران و سیاسەتی هەژمونگەرانەی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە و جیهان لە دژی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان، دەڵێت: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، رژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی قەیرانی زۆر بۆتەوە. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، شەڕی بە وەکالەت لە دەرەوەی سنوورەکان، تێکدانی ژینگە، بارودۆخی ناسەقامگیری ئابووری و زیادبوونی هەژاری و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بەشێکن لەو قەیرانانەی ئەو رژێمە دروستی کردون.

هەروەها کەژار دەڵێت: هەر لە سەرەتای شۆڕشی ژن ژیان ئازادییەوە، هێزە سەرمایەدارەکان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان دەرخست بەوەی نایانەوێت ئەو رژێمە بگۆڕدرێت و رژێمیش سەرکوتی دەنگی ئازادیخوازانی کرد، کە ژنان و گەنجان وەک توێژێکی بزوێنەری کۆمەڵگا و هێزی گۆڕانکاری پێشەنگن، زیاتر لە جاران لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە کرانە ئامانج.

لەو سۆنگەیەوە کەژار ئاماژە بە زەینەب جەلالیان دەکات وەک تاکە ژنە زیندانیی سیاسیی لە ئێران، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و ماوەی ١٧ ساڵە لە زینداندایە و دەڵێت: بەدرێژایی ئەو ساڵانەش رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە پاشگەزی بکەنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکەی. هەرچۆن ژنە پێشەنگانی وەک پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و مەترسی دەرکردنی سزاش لەسەر وریشە مورادی و نەسیم غولامی هەیە.

بە ئاماژەدان بەوەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا رژێمی ئێران لەسێدارەدانی کردە چەکێک بۆ درووستکردنی ترس لەناو کۆمەڵگادا و زیندانیانیش، زیندانیان کردە قەڵای تێکۆشان، کەژار دەڵێت: لە دەرەوەی زیندانیش هەڵمەتی جۆراوجۆر لە ناوەوە و دەرەوەی جوگرافیای سیاسیی ئێران بەڕێوەدەچن، لەوانە ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر و هەڵمەتی نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو هەڵمەتانە فراوانتر دەبن.

کەژار دەشڵێت: ئێستا بە ڕوونی دەبینین ئەم شۆڕشە چەندە کاریگەری قوڵ و جیددی لەسەر کۆمەڵگا بەجێهێشتووە و ڕۆژانی دوای شۆڕش، جیاوازترن لە رۆژانی پێشتری.

کەژار لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وێڕای بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و پشتیوانیکردن لە خەباتی گەلان، بەتایبەت ژنان، داوا لە هەموو ژنانی تێکۆشەر و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا دەکات، لە دووهەمین ساڵیادی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییە مەزنەدا یەکگرتووتر لە جاران لە مەیدانەکاندابن، تا کۆتایی بە سیاسەتی دژە ژنی رژیم بهێنرێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە