هەواڵ

بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە ٦ کەس لە گیلان و ٤ کەس لە مازەندەران گیانیان لەدەست دا

زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مازەندەران ڕایگەیاند، ٥٧ کەس بەهۆی مەسمووم بوون بە کحولەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی چالوس و ئامۆڵ کراون و ڕایدەگەیەنن کە تا ئێستا چوار لەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لە گیلان، زانکۆی زانستە پزیشکییەکان ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە ژمارەی گیان لەدەستدان بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە ڕەشت گەیشتووەتە شەش کەس.

بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی گیلان،محەممەدتەقی ئاشووبی، سەرجەم ژەهراویبووان تووشی کێشەی هەرسکردن، هەناسەسواری، لاوازی، بێهێزی، دڵەڕاوکێ، لێڵبوونی بینین و سەرسوڕان هاتوون کە پێدەچێت هۆکارەکەی ئیسانۆل یان میسانۆل بووبێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە فرۆشتنی مادە کحولییە ساختەکان لە ئێران قوربانی دەدات.ساڵی ڕابردووش بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە دەیان کەس لە ئێران ژەهراوی بوون و گیانیان لەدەستدا.

سەرەڕای قەدەخە بوونی مادە کحولییەکان لە ئێران، بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەنێو ١٨٩ وڵاتی جیهاندا ئێران پلەی نۆیەمی بۆ خواردنەوەی کحول هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان: خواردنەوە مەی لە سەرانسەری جیهاندا ملیۆنان کەس دەکوژێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کە سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانیکەم دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی خواردنەوەی خوواردنەوەی ئاڵکۆڵییەکان گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ڕێکخراوە وێڕای هۆشداریدان لەم بارەیەوە، داوای کردووە ڕێوشوێنی توندتر لەلایەن وڵاتانەوە لەم بوارەدا بگیردرێتەبەر.

ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی کە خواردنەوە ئاڵکۆڵییەکان دەخۆنەوە کەمدەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەرییە نەرێنییەکانی مەی لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا بە شتێکی قبوڵنەکراو و زۆر زیانبەخش وەسف دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، "خواردنەوەی مەی زیانێکی بەرچاو بە تەندروستی دەگەیەنێت، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و تێکچوونی باری دەروونی زیاد دەکات و بە شێوەیەکی دڵتەزێن ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس کە دەتوانرێت ڕێگری لێبگیرێت".

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەیدا داوای لە وڵاتان کردووە هەوڵی کەمکردنەوەی خواردنەوەی ئاڵکۆڵییەکان بدەن و ڕێگەچارەی وەک "قەدەغەکردنی ڕیکلام، سنووردارکردنی فرۆشتن، هەروەها زیادکردنی گومرگ و باج"ی پێشنیارکردووە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە تا خواردنەوەی مەی لە چ ئاستێکدا زیانی بۆ تەندروستی نییە، ویلادمیر پۆزنیاک، پسپۆڕی باڵای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: "شتێک نییە بە ناوی خواردنەوەی ئاڵکۆڵی سەلامەت. بەڵام ئەوەی چەندە زیان بەخشە گرێدراوە بە دۆخەوە.

پەرداخێک شەراب، کە لە کاتی پشوودا دەیخۆیتەوە، دەتوانێت بە مانای مەترسی کەم بێت، بەڵام بۆ کەسێک کە دەبێت ئامێرێک بەکاربهێنێت یان ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت، مانای مەترسییەکی زۆری هەیە".

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە