هەواڵ

یارییەکی مەترسیدار لەگەڵ زەوی: گەلۆ دوای بەزاندنی سنووری ١.٥ گەڕانەوەیەک هەیە؟

گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا ئاڵنگارییەکی گرنگی سەردەمی ئێستایە و هەوڵی زۆر دراوە بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان بۆ ١.٥ پلەی سەدی بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێش پیشەسازی. بەڵام ئایا بەزاندنی ئەم هێڵە و دواتر هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ ژێرەوەی، قومارێکی مەترسیدار نییە لەگەڵ داهاتووی هەسارەکەمان؟

تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە. توێژینەوەکە بە سەرۆکایەتیی کارل فریدریش شلۆسنەر و یوری ڕۆگێل لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ شیکاریی سیستەمی کارپێکراو (IIASA) لە شاری لۆکسنبۆرگ لە نەمسا/ئۆتریش و لە گۆڤاری بەناوبانگی Nature بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە بەزاندنی ئاستی ١.٥ پلە و دواتر هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی؛ دەرئەنجامی کارەسات‌باری بۆ زەوی هەیە.

بۆچی بەزاندنی پلەی گەرمی ١.٥ پلە مەترسیدارە؟

لەم لێکۆڵینەوەیەدا زانایان ئاماژە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەن کە بۆچی بەزاندنی ئاستی ١.٥پلەی سەدی بۆ ماوەیەکی کاتی و دواتر هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی ستراتیژێکی مەترسیدارە. گەرمبوونی جیهان دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری گەلێک، کە ئیتر قەرەبوو ناکرێنەوە. توانەوەی سەهۆڵبەندان و بەفرەچاڵەکانی جەمسەرەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەوەران لە نموونەی ئەم گۆڕانکاریانەن.

بەزاندنی ئاستی ١.٥ پلە دەتوانێت چالاکبوونی "خاڵەکانی وەرچەرخان" لە سیستەمی کەشوهەوادا دەست پێبکات. ئەم خاڵە وەرچەرخانانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییە کتوپڕ و گەڕانەوەنەکراوەکان لە سیستەمی زەویدا کە دەتوانن لێکەوتەی کارەساتباریان هەبێت وەک داڕمانی ئیکۆسیستەمەکان و تێکچوونی شێوازەکانی کەشوهەوا.

تا پلەی گەرمی زەوی زیاتر بەرزبێتەوە، پێشبینی‌کردنی وردی کاریگەری و دەرئەنجامەکانی قورستر دەبێت. ئەم نادڵنیاییە دەتوانێت پلاندانانی مەترسی و بەڕێوەبردن ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی ببێتەوە.

ئایا سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ پلە یەک و نیو واقیعییە؟

بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی ئێستای دەردانی گازی گەرمخانەیی، پێدەچێت گەیشتن بە ئامانجی ١.٥ پلە زۆر قورس بێت. بەڵام ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ١.٥ پلە هێشتا کاریگەرترین ڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

بۆ گەیشتن بە ئامانجی ١.٥پلە، پێویستی بە کردەوەی بەپەلە و یەکلاکەرەوە هەیە لەسەر ئاستی جیهانی. گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە، زیادکردنی کارایی وزە، پاراستنی دارستانەکان و گۆڕینی شێوازی بەکاربردن لە ستراتیژییە سەرەکییەکانن بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی.

ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە بەزاندنی ئاستی ١.٥ پلە و دواتر هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ خوارەوە ستراتیژییەکی مەترسیدارە. سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ١.٥ پلە هێشتا کاریگەرترین ڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە لەسەر ئاستی جیهانی، کردەوەی بەپەلە و چارەنووس‌ساز بکرێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە