ئاگربەستی شیمانەیی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە بەردەم ڕاگەیاندندایە
بەرپرسانی ئەمریکی و لوبنانی هەواڵی نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و گروپی ئیسلامخوازی حیزبوڵڵا دەدەن. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک کۆمارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەم ڕێککەوتنە ڕابگەیەنن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، چوار بەرپرسی باڵای لوبنانی ڕایانگەیاندووە کە جۆ بایدن و ئیمانوێل ماکرۆن بەنیازن لە ماوەی ٣٥ کاتژمێری داهاتوودا ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ڕابگەیەنن.
نووسینگەی سەرۆک کۆماری فەڕەنساش باسی لە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانەکاندا کردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی وتوویەتی کابینەی ئەمنی ئەم وڵاتە ڕۆژی سێشەممە بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆدەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە هەرچەندە لە ئاگربەست نزیک بووینەتەوە، بەڵام تا کاتێک کۆتایی بە هەموو وردەکارییەکان نەیەت، هیچ شتێک یەکلایی نابێتەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش خۆی لە لێدوان لەسەر ئەم ڕاپۆرتانە بواردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێککەوتنی پێشنیارکراو کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە ناوچەی سنووری لەخۆدەگرێت. هەروەها بڕیارە لیژنەیەکی پێنج لایەنە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا چاودێری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بکات.
ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بوونەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، پێکدادانە سنوورییەکان لە نێوان هەردوو لا بەردەوام بووە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٣٧٠٠ کەس لە لوبنان کوژراون.