هەواڵ

کەژار: دەسەڵاتی پیاوسالاریی ئێران تۆڵەسەندنەوەی لە ژنانی چالاکوان زیاتر کردووە

رۆژی سێشەممەی رابردوو، جارێکیتر رژێمی ئێران بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکی مەدەنی و خوێندکاری زانکۆ پەخشان عەزیزی، رووی راستەقینەی خۆی دەرخست، کە رژێمێکی پیاوسالاری دژ بە ژنە.

کەژار لە راگەیەندراوێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو بڕیارە، داوا دەکات هەمووان دەست لەناو دەست بن بۆ راگرتنی سزای نامرۆڤانەی سێدارە.

دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و فراوانبوونی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان و کۆمەڵگاکانی ئێران، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، گوشارەکانی ڕژێم لەسەر ژنان زیادی کرد.

لەوبارەیەوە کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: ئاشکرایە ژنان پێشەنگبوون و یەکێتی سەرتاسەریی نێوان هەموو ناسنامەکان لە دەوری پرسی ژن کۆبوویەوە. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کردەوەی نامرۆڤانەی ڕژێمی ئێرانیش بە شەپۆلی لەسێدارەدان دەستی پێکرد و گەیشتۆتە لوتکە.

کەژار سەبارەت بە دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ ژنانی چالاکوان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەواڵانە بوونەتە هۆی نیگەرانیی کۆمەڵگای ئازادیخواز لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران و دەڵێت: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا،

پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی و خوێندکار، کە ماوەی ساڵێک بوو لە زیندانی ئەڤین زیندانی کرابوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. لە کاتی دەستبەسەریشیدا، مافی سەردانی خێزانەکەی و بوونی پارێزەری لێ قەدەغە کرابوو، هەروەها لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە تا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگرن

کەژار لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دووەمین بڕیاری لەسێدارەدانە، کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بۆ زیندانیانی ژن بەتۆمەتی بەغی دەرچووە. ماوەیەک لەمەوبەریش شەریفە محەمەدی، چالاکی کرێکاری و زیندانی سیاسی، کە لە زیندانی لاکانی ڕەشت زیندانی کراوە، لەلایەن دادگای ڕەشتەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. هەروەها وریشە مورادیش بەتۆمەتی بەغی ئێستا لە زیندانی ئەڤیندایە.

کەژار جەخت دەکاتەوە، کە دەسەڵاتی رەگەزپەرستی ئێران جارێکی دیکە نیشانیدا، توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی نەماوە و دەرچوون و جێبەجێکردنی هەر بڕیارێکی لەسێدارەدان، زیاتر و زیاتر لە سیاسەتە رەگەزپەرستییەکەیدا نوقمی دەکات.

جێبەجێکردنی سزای قورس و بانگەشەی گۆڕانکاری و چاکسازی، ماهیەتی ئەو دەسەڵاتە دژە ژنە و پیاوسالارە ناگۆڕێت.

لەو سۆنگەیەوە کەژار وێڕای شەرمەزارکردنی سزای قورس بەسەر ژنە زیندانیانی سیاسیی: پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، داوا دەکات تەواوی کۆمەڵگای ئازادیخواز، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی ژنان بە پشتیوانیان لە یەکتر، بزووتنەوەیەکی فراوان لە دژی سزای لەسێدارەدان دروستبکەن و دەڵێت: لەم ڕووەوە پشتیوانی کردن لە کەمپینی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" ئەرکێکی مرۆڤدۆستانەیە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە