حکوومەتی تورکیا شارەوانە کوردەکانی لە مێردین، باتمان و خەلفەتی لادا
وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر (٤ی نۆڤەمبەر)، لە کودەتایەکی سیاسی دژی کوردان، بە دانانی قەیوم، شارەوانە هەڵبژێردراوەکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەمپارتی)ی لە شارەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی لە پۆستەکانیان لادا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەحمەد تورک، شارەوانی گەورەشاری مێردین، گوڵستان سۆنوک، شارەوانی باتمان و محەمەد کارایلان، شارەوانی خەلفەتی بە هۆی حوکمە قەزاییەکان و دۆسیە بەردەوامەکانی پەیوەندیدار بە "ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوی چەکدار" لە پۆستەکانیان لادراون.
پۆلیس بەیانی زوو بینای شارەوانی مێردینی گەمارۆ دا و ئەحمەد تورکی لە بڕیاری لادانەکە ئاگادار کردەوە. لە باتمانیش هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری بینای شارەوانییان گەمارۆ دا و ڕێگریان لە چوونە ژوورەوەی گوڵستان سۆنوک بۆ بیناکە کرد. لە خەلفەتی، محەمەد کارایلان دەستگیر کرا و بینای شارەوانی کەوتە ژێر گەمارۆی پۆلیس.
بە دوای ئەم کودەتایەی حکومەتی تورکیا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیای داگرتووە.
ژمارەیەک لە ناڕازییان دژی کودەتای سیاسی حکومەتی تورکیا و دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی کە لە بەردەم بینای شارەوانی باتمان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دابوو، لە لایەن پۆلیسی حکومەتی داگیرکەری تورکیاوە پەلاماردران.
گوڵستان سۆنوک، شارەوانی هاوبەشی شارەوانی باتمان، کە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە بەردەم بینای شارەوانی باتمان ئامادە بووە، وتی: "شارەوانییەکان هی خەڵکن، ئێوە ناتوانن داگیریان بکەن. بیرۆکەی دانانی قەیومی حکومی بێگومان لە بەرامبەر دایکانی ئاشتی و بڕیاری خەڵکی کورد بۆ بەرگری لە ئیرادەی خۆیان، شکست دەخوات".
ئەحمەد تورک، شارەوانی هاوبەشی گەورەشاری مێردین کە بۆ سێیەم جار کەسێکی قەیوم لە جێگەی ئەو لە لایەن حکومەتەوە بەسەر شارەوانی مێردیندا سەپێنراوە، وتی: "ئەم ڕووداوە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە. ئەوان ناتوانن ئیرادەی گەل داگیر بکەن، ئێمە بە بەرخۆدان بۆ وەرگرتنەوەی شارەوانییەکان درێژە دەدەین."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماری گەلیش کاردانەوەی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە لەگەڵ گەندەڵییەکی بێشەرمانە و بێڕێز، زۆردار، چاوچنۆک و پیس ڕووبەڕووین کە ئەو شارەوانییانەی لە هەڵبژاردنەکاندا ناتوانێت بەدەستیان بهێنێت، داگیریان دەکات."
سوات کیلیچ، جێگری سەرۆکی پارتی ڕیفاهی نوێش گوتوویە: "ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دەگیرێنە بەر کە باسی 'مافی هیوا' دەکرێت، و ئەمە بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکی گونجاو نییە بۆ تورکیا."
پارتی دەم ئەم هەنگاوەی بە "کودەتا دژی ئیرادەی خەڵک" ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦. حکومەتی تورکیا دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی جوولای ٢٠١٦، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی باری نائاسایی، شارەوانە هەڵبژێردراوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی بە قەیوم جێگرتەوە. هەرچەندە هەدەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی مارسی ٢٠١٩ زۆربەی شارەوانییەکانی بردەوە، بەڵام حکومەت بە خێرایی نزیکەی هەموو ئەو ٦٥ شارەوانییەی کە ئەوان بردبوویانەوە خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
دمپارتی، جێگرەوەی هەدەپە، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ لە ٧٥ شارەوانی لەوانە ١١ کورسی پارێزگایی سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لە ئەنجامی ئەو کودتایەدا، دەمپارتی ئێستا سێ شارەوانی پارێزگایی خۆی لەدەست داوە. ئەم هەنگاوەی حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان لە لایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە بووەتەوە.