کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر وریشە مورادی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، بزمارێکی دیکەیە لە تابووتی سیستەمەکەیدا. داواشی لە هەموو ئازدیخوازان کرد ببنە دەنگ و رەنگی وریشە مورادی و پشتیوانیی لێ بکەن.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەتووندی سەپاندنی سزای سێدارەی سەر وریشە مورادی ژنە زیندانی کراوی سیاسی کوردی شەرمەزار کرد و داواشی لەهەموو ئازادیخوازان کرد بننە دەنگ و رەنگی وریشە مورادی کە لە پێناو ئازادیدا رووبەڕووی ئەو سزایە کراوەتەوە.
کەژار لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە هاوڕێمان وەریشە مورادی، ناسراو بە جوانە سنە لە ماوەی دەستگیرکردنیدا لە زیندانی ئێڤی تاران، دەسەڵاتی پیاو سالاری ئێران هەموو رێگایەکی بۆ ئەشکەنجەدانی هاوڕێ تێکۆشەرمان تاقی کردۆتەوە، لەوانە.
بەندکردن لە ژووری تاکەکەسی، ئەشکەنجەی دەروونی- جەستەیی، ڕێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر و بەکارهێنانی توندوتیژی، هەموو ئەم دڕندایەتیانە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام دراون، بەڵام لەبەرامبەر ئیڕادەی پۆڵاینی وریشە هەموو ئەمانە بێ وەڵام مانەوە.
هاوڕێمان وەریشە لە سەرەتای دەستگیرکردنییەوە، سەرەڕای هەموو توندوتیژییەکان، بوو بە دەنگی شۆڕش و هەموو زیندانیانی سزادراو بە سێدارە.
کەژارا باسی لەو نامەیە کردووە کە وریشە لە زیندان ناردیە دەرەوە و تیایدا باسی لە شوناس و ئیرادەی ژنان کرد و دادگای دەسەڵاتی دژە ژنی بە فەرمی نەناسی. لەم ڕێگایەدا، ئەمجارە گیانی خۆی خستە مەترسییەوە، هاوکات هەر بەوەش نەوەستا لە ڕۆژی ١٠ ئۆکتۆبەر کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی دژ بە سزای سێدارە مانگرتنی لە خواردن راگەیاند و دوای ٢٠ رۆژ لەسەر داوای ئازادیخوازان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران کە ساڵانێکە لە رووی سیاسیەتی ناوخۆ و دەرەوە گەیشتۆتە ئاستی بنەبەست و قەیرانی قوڵ، کە ئەمەش لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی ژنان و کۆمەڵگا رووبەڕووی ئەو قەیرانانە بۆتەوە، کەچی دەست لە تاوان و سەرکوتکارییەکانی دژی بەگەل و بەتایبەت ژنان هەڵناگرێ.
دەرکردنی سزای سێدارەش بۆ هاوڕێی تێکۆشەرمان وریشە مورادی نیشانەی پێداگری ڕژێمە لەسەر کردەوە دژە مرۆییەکانی بەرامبەر بە ژنان و گەلان، کە ئەمەش بزمارێکی دیکەیە لە تابووتی سیستەمەکەی دەدات.
کەژار راشیگەیاندووە، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و ژنانی تێکۆشەری دیکە هاوڕێی شیرین و زەینەبن و وەک ئەوان مەشخەڵی ئازادی هەموو خەڵک و گەلانی ئێرانیان بەدەستەوەیە و بوونەتە هێمای خەباتی ژن، ژیان، ئازادی.
داواشی لەهەموو ئازادی خوازان بەتایبەت ژنان کردووە لە ناو خۆ و دەرەوەدا پشتیوانی لە وەریشە مورادی بکەن و بە کۆدەنگییەکی جیهانی ڕێگری لە گەیشتنی ڕژێم بە ئامانجەکانی بکەن.