دەم پارتی: هیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقی نییە بۆ دەرکردنی زۆرەملێی نوێنەرەکانمان لە هەولێر
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، دەم پارتی، دەربارەی هێرشی پەدەکە بۆ سەر ئەندامانی نوێنەرایەتیی ئەو حزبە لە هەولێر ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە."
دەمپارتی دەڵێت: "بەرپرسانی پەدەکە بەزۆرەملێ نوێنەرانی ئێمەیان لە هەولێر بەشێوەیەکی نایاسایی ناردووە بۆ سلێمانی. ئێمە ئەم شتە بە پاشەکشەیەک دەبینین، لە چوارچێوەی پاشەڕۆژی پەیوەندییە کوردستانیەکان و ڕێسا دیموکراتیکەکاندا. بە خەمگینییەوە دەڕوانینە ئەم هەڵسوکەوتە خراپە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین. ئەم هەوڵە کارەساتبارە واتای تێکدانی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەییە کە چاوەڕوانییەکی ڕەوای دەیان ملیۆن کوردە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەمانەوێت ئەوە بەبیربهێنینەوە، کە سەرەڕای هەموو ڕەخنەیەک و فشار و هەڕەشەی دەوڵەتان، پارتەکەمان بە پێشەنگایەتیی هەدەپە پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کرد."
دەمپارتی ئەوەش بە بە گوێی بەرپرسانی پەدەکەدا دەداتەوە کە "بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی ملیۆنان کورد، بە قووڵکردنەوەی سنوورەکانی نێوان گەلی کورد نابێت."
دەم پارتی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان ڕێز لە پەیوەندییەکانی نێوانیان بگرن و پەنا ببەنە بەر دیالۆگی ڕاستەوخۆ.
بەبیریشی دەهێنێتەوە کە ئامانج لە کردنەوەی ئۆفیسەکەیان لە هەولێر هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە.
"بەڵام بەداخەوە دوورخستنەوەی نوێنەرەکانمان لە هەولێر، هێرشێکە دژی پاشەڕۆژی پەیوەندییەکانی یەکێتی نێوان گەلی کورد." دەمپارتی وای گوتووە.
دەمپارتی بانگەواز لە پەدەکە دەکات دەست لەم هەڵوێستە نادیموکراتیکانە هەڵبگرێت و دەڵێت: "هیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی نییە بۆ دەرکردنی زۆرەملێی نوێنەرەکانمان لە هەولێر. هەروەها لەلایەن ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان و پەدەکەوە هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نەدراوە."
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا داواکارییەکانی دەم پارتی وەها خراونەتە روو:
"پێویستە ڕێگرییەکانی بەردەم نوێنەرانی دەم پارتی و هەدەپە لە هەولێر کۆتاییان بێت."
"پێویستە سەلامەتی نوێنەرە فەرمییەکانمان مسۆگەر بکرێت."
"لەبەردەم ڕای گشتیی بە ئاشکرا داوا لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پەدەکە دەکەین ڕێگە لە دیالۆگ نەگرن."