هەواڵ

بۆرێل داوای هەڵپەساردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، پێشنیاری هەڵپەساردنی دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی کردووە. ئەم پێشنیارە بەهۆی نیگەرانیی جیددی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەزە هاتووەتە ئاراوە.

بۆرێل لە نامەیەکدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، باسی لە نیگەرانییە جیددییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە غەزە کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی پێویست وڵامی ئەم نیگەرانییانەی نەداوەتەوە. ئەو پێشنیاری کردووە کە یەکێتی ئەورووپا بە پشتبەستن بە بەندی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێککەوتننامەی هاوکاری، دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت.

ئەم پێشنیارە سەرەتا لە کۆبوونەوەی باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی چوارشەممە خرایە ڕوو و بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە بروکسل بە فەرمی پێشکەش بکرێت.

بەڵام، هەڵپەساردنی دانوستانە سیاسییەکان پێویستی بە کۆدەنگی هەر ٢٧ وڵاتی ئەندام هەیە کە بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکان سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، پێدەچێت بەدیهاتنی ئەستەم بێت.

زۆربەی ئەو نوێنەرانەی لە کۆبوونەوەی باڵیۆزاندا قسەیان کردووە، بۆچوونی نەرێنی خۆیان دەربڕیوە.

وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئۆتریش، کۆماری چیک، هەنگاریا، دانیمارک، هۆڵەندا، ئیتالیا و یۆنان لە دژبەرانی ئەم پێشنیارە بوون. دیپلۆماتێکی ئەورووپی ئەم پێشنیارەی بە "تەواو چاوەڕواننەکراو" وەسف کردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئیسپانیا و ئیرلەندا داوای "پێداچوونەوەیەکی خێرا"یان بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە کردبوو بەهۆی کارەساتی مرۆیی بەرهەمهاتوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە.

لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، زیاتر لە هزار و ٧٠٠ ئیسرائیلی و زیاتر لە ٤٣ هەزار فەلەستینی، لەوانە زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵی فەلەستینی، گیانیان لەدەستداوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە