هەواڵ

دۆزینەوەی بەڵگەی نوێ لەسەر فەرمانڕەوایی ژنان لە شارستانیەتی کۆنی مۆچە لە پیرۆ

شوێنەوارناسان لە شوێنەواری کۆنی پانامارکا لە پیرۆ، هۆڵێکی تەختی پاشایەتییان دۆزیوەتەوە کە پیشان دەدات لەوانەیە زیاتر لە ١٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ژنێک فەرمانڕەوایی شارستانیەتی مۆچەی کردبێت.

لە هەڵکۆڵینە نوێیەکان لە شوێنەواری کۆنی پانامارکا لە باکووری ڕۆژئاوای پیرۆ، ژوورێکی ستووندار بە تەختێکی بەردین و نیگارکێشی دیواری ئاڵۆز دۆزراوەتەوە. ئەم نیگارکێشییانە ژنێکی بەهێز پیشان دەدەن تاجێکی لەسەرە و پێشوازی لە میوانان دەکات. وێنەی ئەم ژنە لەگەڵ هێماکانی هیلالی مانگ و گیانلەبەرانی دەریایی تێکەڵ کراوە.

جێسیکا ئۆرتیز زێڤالۆس، بەڕێوەبەری توێژینەوەی ئەم پڕۆژە شوێنەوارناسییە، ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت نیشانەی بوونی فەرمانڕەوایەکی ژن بێت لەم ناوچەیە. ئەو جەختی کردەوە: "تا ئێستا هیچ هۆڵێکی تەختی پاشایەتی بۆ شاژنێک لە پانامارکا یان هیچ شوێنێکی دیکەی پیرۆی کۆن نەبینراوە."

ئەم دۆزینەوەیە بەڵگەی زیاتر پێشکەش دەکات کە ژنان لە کۆمەڵگای مۆچەدا پێگەی بەهێزیان هەبووە. جگە لە وێنە دیوارییەکان، بوونی مووی مرۆڤ و داخورانی سەر تەختە بەردینەکە ئەم گریمانەیە بەهێزتر دەکات.

لیزا ترێڤەر، مامۆستای مێژووی هونەر لە زانکۆی کۆلۆمبیا، دەڵێت: "پانامارکا بەردەوام سەرساممان دەکات. نەک تەنها بەهۆی داهێنانی بێ‌سنووری نیگارکێشەکانییەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە بەرهەمەکانیان تێڕوانینەکانی ئێمە دەربارەی ڕۆڵی ڕەگەزی لە دنیای کۆنی مۆچەدا دەگۆڕن."

شارستانیەتی مۆچە لە نێوان ساڵەکانی ٣٥٠ تا ٨٥٠ی زایینی لە دۆڵە کەنارییەکانی باکووری پێرۆ گەشەی کرد. پێش ئەمەش بەڵگەی فەرمانڕەوایی ژنان لەم شارستانییەتەدا دۆزرابووەوە. ناسراوترین نموونە، "خاتوونی کائۆ"یە کە دەگوترێت ١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر فەرمانڕەوایی مۆچەی کردووە.

دۆزینەوەی نوێ لە پانامارکا، کە باشوورترین ناوەندی شارستانیەتی مۆچەیە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە نەک تەنها جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنان لە دەسەڵاتدا دەکاتەوە، بەڵکو زانیاری نوێ دەربارەی کولتوور و ئایدۆلۆژیای ئەم شارستانیەتە پێشکەش دەکات.

نیگارکێشییە دیوارییە دۆزراوەکان لە ژوورە دراوسێکان، دیمەنی ئەفسانەیی و ئایینی وێنا دەکەن کە بە گوتەی شوێنەوارناسان، تێڕوانینێکی دەگمەن لە کولتووری ئەم ناوچەیە پێش داگیرکاری ئیسپانیا پێشکەش دەکەن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە