هەواڵ

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەڵمانیا؛ بوومەلەرزە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەورووپا

ئۆلاف شۆلتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەڕێوەچوونی دەنگدانی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکوومەتەکەی لە ١٦ی دیسەمبەر؛ دەنگدانێک کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە مانگی فێبریوەری ٢٠٢٥دا.

شۆلتس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئامادەیە دانیشتنی دەنگدانی متمانە بە حکوومەت پێش پشووەکانی ساڵی نوێی زایینی بەڕێوە بچێت.

ئەم بڕیارە، کە ئەنجامی ڕێککەوتنێکە لە نێوان پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی دیموکرات مەسیحی، زەمینە خۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ناوەڕاستی مانگی فێبریوەردا.

دیاریکردنی ڕۆژی ١٦ی دیسەمبەر بۆ دەنگدانی متمانە، زووترە لەو کاتەی کە شۆلتس سەرەتا بۆ پێشنیاری کردبوو کە مانگی ژانویە بوو.

ئەم گۆڕانکارییە دوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی هاوپەیمانی و گوشاری ئۆپۆزسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی خێراتری هەڵبژاردن هاتە ئاراوە. ڕۆژی دیاریکراوی هەڵبژاردن، کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان ١٦ تا ٢٣ی فێبریوەر بێت، لەلایەن سەرۆک کۆماری ئاڵمانەوە دیاری دەکرێت.

کارناسان پێشبینی دەکەن کە ئابووریی ئاڵمان لە ساڵی داهاتوودا تووشی گەشەی نەرێنی یان لە باشترین حاڵەتدا ڕاوەستان بێت. ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت.

ڕاپرسییە نوێیەکان نیشان دەدەن کە پارتی ڕاستڕەو و پۆپۆلیستی"ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (AfD) برەوی لە زیادبوونە. بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری شپیگڵ، ئەم پارتە لە هەندێک ویلایەتی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا زیاتر لە ٣٠٪ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. شڕۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە ناڕەزایی لە پارتە نەریتییەکان و کێشە ئابوورییەکان دەتوانن ببنە هۆی بەهێزبوونی زیاتری پێگەی AfD لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

ئەڵمانیا زۆرترین ڕێژەی کوردی لە ئەوروپا تێدایە و ژمارەیان بە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە ئاڵمان، وەک گەورەترین ئابووریی ئەوروپا، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگە، لەوانە قەیرانی وزە، هەڵاوسان و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر داهاتووی سیاسی و ئابووریی نەک تەنها ئاڵمان، بەڵکو سەرجەم یەکێتیی ئەوروپا هەبێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە